هەرێمە بێ خاوەنەکە

لە وڵاتانی جیهان سەرکردەکانیان بە هەموو شێوازێک بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆیان دەکەن. ئەمە لە هەرێمی کوردستان پێچەوانە بووەتەوە. ڕۆژ نییە تورکیا بە فڕۆکە و درۆن و هێزی سەربازی، چالاکییەکی لە هەرێم نەبێت بەڵام کام بەرپرس هەر بە تەنیا لێدوانێک وەڵامی داوەتەوە؟

ئەوانەی دەبنە بەرپرس و سەرکردەی وڵات، ئەرک و بەرپرسیاریەتییان هەیە. ئەوان سوێندیان خواردووە کە گیان و ماڵی خەڵک لە بەرامبەر هەر دەسدرێژییەکدا بپارێزن. بەڵام ئەم بەرپرسانەی هەرێمی کوردستان ناوێرن لە بەرامبەر ئەردۆغان و تورکیا فزەیەک بکەن.

دیارە هۆکاری ئەم لاوازییەش بۆ گرنگیدانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بە بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکانی خۆیان دەگەڕێتەوە. بە واتایەکی دیکە بۆ بارزانییەکان بوونی پەیوەندی لە گەڵ تورکیا بە هۆی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان لە پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان گرنگترە.

بوونی هێزەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ڕەتدەکرێتەوە و بەرگری لەمە ناکرێت. بەڵام نابێت تورکیا بە بیانووی پەکەکەوە ئەوەی پیلانە لە سەر خاکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. نابێت پارتیش بە هۆی دوژمنایەتیی لە گەڵ پەکەکە، هەرێم بکاتە شوێنی تەراتێنی سەربازی و هەواڵگری تورکیا.

ئەوەی 27 ی ئەیلولی 2023 لە بناری قەندیل ڕوویدا، شەرمەزارییەکە بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کە لە بەرامبەر گیان لە دەستدانی ئەو خاتوونە بێدەنگ بوون.

گیان لە دەستدانی ئەستی محەممەد کە خاوەنی 7 منداڵ بووە، وەک تاوانێکی دیکەی حکومەتی داگیرکاری تورک تۆمار کرا. لە هەمان کاتدا شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ تاڵانکردنی سامانی هەرێمی کوردستان خۆیان بە بەرپرس دەزانن و لە بەرامبەر بەرگریکردن لە خاک و خەڵکەکەی هیچ توانایەکیان نییە.

ڕووداوەکەی گوندی بۆکریسکانی بناری قەندیل خرایە سەر تاوانە هاوبەشەکانی تورکیا و پارتی دیمۆکراتی کوردستان. ئەگەر سیستەمێکی یاسایی و دادوەری لە دەرەوەی کاریگەری حیزبەوە بوونی هەبێت، دەبێت سەرکردەکانی هەرێم لە سەر ئەم تاوانە و کەمتەرخەمییان لە بەرامبەر پاراستنی گیانی خەڵک دادگایی و ڕوبەڕوی سزای یاسایی بکرێنەوە.