هەرێمێکی بێ پەرلەمان

پاش هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و نەبوونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێ، ئێستا تەنیا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەتوانێت ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ببات و ئەویش بە چەند هۆکارێک ڕەزامەندی دەرنابڕێت.

چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیار نییە و سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان ترسیان لەوەیە پرۆسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بەڕێوە نەچێت.

لە پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق تایبەت بە هەڵوەشانەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە هۆی نەبوونی دامەزراوەی سیاسی لە هەرێم بە تایبەت نەبوونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیار نییە.

سەرۆکایەتی هەرێم بە هاوکاری نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سەر هێڵە و تا ئێستاش دوو کۆبوونەوە لە هەولێر و بەغدا لە سەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێمی نەداوەتەوە کە لە چ کاتێکدا دەتوانێت ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ببات.

بژاردەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕەتکراوەتەوە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ڕوونی ڕایگەیاندووە موڵەتی ئەوە نادات دوو هەڵبژاردن لە یەک کاتدا بەڕێوە بچێت.

ئەم دۆخە وایکردووە کە سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنەکانی وەک پارتی دیمۆکراتی کوردستان تووشی نیگەرانییەکی زۆر بن سەبارەت بەوەی کە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنەکان وا دەکات شەرعییەت بۆ دامەزراوەکانی هەرێم نەگەڕێتەوە. پارتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی بەوە تۆمەتبار کردووە کە خۆی لە پرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەدزێتەوە و دەتوانێت ئەو دوو هەڵبژاردنانە لە یەک ڕۆژدا بەڕێوە ببات.

لایەنەکانی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە چەند هۆکارێک وەک کێشە ناوخۆییەکان ئەم دۆخەیان پێ باشە و دەیانەوێت بە دواخستنی هەڵبژاردنەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە.

داهاتووی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بەم شێوازەیە کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆتایی بەهاری ساڵی 2024 و لە پاش مانگی ڕەمەزان ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ببات، بە مەرجی ئەوەی پەرلەمانی عێراق تەمەنی یاسایی کۆمیسیۆن درێژ بکاتەوە.

ئەگەری دیکەش هەیە کە پاش بەسەرچوونی تەمەنی یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 7 ی کانوونی دووەمی 2024 و لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن لە لایەن پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دواکەوێت، لە بەر ئەوەی کە بەشێک لە لایەنەکانی عێراق لە گەڵ ئەوەدان کۆمیسیۆن تەمەنی درێژ نەکرێتەوە و دادوەری نوێ بۆ شوێنی دادوەرەکانی ئێستا دەستنیشان بکرێن. ئەوەی کە ڕوونە و پێشبینی دەکرێت ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەک بێ پەرلەمان دەبێت، نەبوونی یەکێک لە دامەزراوە سەرەکییەکانیش کاریگەریی لە سەر پێگە و ناوبانگی هەرێم دەبێت.