هەرێمی کوشت و کوشتار
لە هەرێمی کوردستان مامەڵەکردن بە چەکەوە ئازادە و هەر کەسێک تەنانەت منداڵەکانیش چەکیان هەیە، هەر کەس هەر چەکێکی بوێت، ئازادانە دەستی دەکەوێت و حکومەتیش لە بەرامبەر ئەم دیاردەیەدا هیچی پێنەکراوە و بانگەشەی کۆکردنەوەی چەکەکانی خەڵکیش شکستی هێناوە.
لە گرنگترینی ئەو هۆکارانەی کە وایکردووە کوردستان بەم دۆخە کارەساتبارەدا ببرێت، ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی، کوردستانیان کردووەتە سەربازگە و دەیان هێزی ئەمنی و سەربازییان بۆ پاراستنی دەسەڵاتە قۆرخکارەکەیان درووست کردووە.
کێشەکە لەوەدایە کە ئەو هێزانە دەبێت پارێزەری سەروماڵی خەڵک بن بەڵام لە هەرێمی کوردستان هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بوونەتە بکوژی خەڵک.
هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی کوردستان شوێن و ئەرکی خۆیان بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەڕەشەکردن و کوشتنی خەڵک بەکار دێنن.
لە هەرێمی کوردستان چەک بە دەستی خەڵکەوەیە و لە یەکلاکردنەوەی کێشەکاندا بەکار دێت و ڕۆڵی یاسا و دادگاکان بە تەواوی لاواز بووە و چەک بووەتە مایەی ڕوودانی حاڵەتەکانی کوشتن و تەقەی بەردەوام و درووستکردنی نائارامی لە ناوچە جیاجیاکان.
ئەمە دیاردەیەکی ناشارستانی و نایاساییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنتڕۆڵکردنیدا شکستی هێناوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی خۆیان هۆکاری ئەم دۆخەن. کاتێک بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا وەک دیاری دەمانچە دەبەخشنەوە، چۆن دەبێت چاوەڕوانی ئارامی و سەقامگیری لە کوردستاندا بکرێت؟