هەرێمی کوردستان چۆن دەبینم؟

ساڵانێکە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی تووشی دواکەوتنی بەرچاو دەبن لە وەرگرتنی مووچەکانیان، هەندێکجار تا دوو مانگ چاوەڕێی یەک مووچە دەکەن. ئەم پرسە ماوەی ١٠ ساڵە فشارێکی زۆری خستۆتە سەر خێزانەکان، چونکە کارمەندان کە زۆرجار موچە تاکە بژێوی ژیانیانە، ناتوانن هیچ پلانێکی دارایی دابڕێژن و پارەی پیویست بۆ خوشگوزەرانی خۆیان و خێزانەکانین تەرخان بکەن لە ترسی نەهاتنی موچەی مانگەکانی داهاتوویان.

زۆرێک لەو فەرمانبەرانەی لە دووای ساڵی ٢٠١٤ خێزانیان پێکهێناوە، بەهۆی ناڕێکی داهاتیانەوە توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە. نەبوونی سەقامگیری دارایی دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێهیوایی و دەیان کێشەی دەروونی درووست دەکات کە تەنانەت دەتوانین بلێین کاریگەری لە سەر کارامەیی و هاندانیان بۆ کاری داهێنەرانەش دەبێت، چونکە بەردەوام دۆخە ئابووریەکە لە مێشکیان دەخولێتەوە و دڵنیا نین لەوەی جارێکی دیکە مووچەیان پێدەدرێتەوە یان چۆن توانای کڕینی شتە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و کرێی خانوویان دەبێت.

ئەم ئاڵەنگاریانە لە کەرتی تایبەتیشدا بە ڕوونی هەستیان پێدەکرێت. نەبوونی دەرفەتی دامەزراندنی بزنسی بچوک و مامناوەند و هەلی وەبەرهێنان و کارکردن لە کوردستان بۆشاییەکی دەروونی قوڵی لەلای گەنجان درووستکردووە کە وێنەیەکی ناڕوونی بۆ داهاتوویان نەخشاندووە و بووەتەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی دڵەڕاوکێ.

لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووری، تەندروستی دەروونی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر فشارێکی زۆرەوە. پرسەکانی تەندروستی دەروونی ئاڵۆزن، هۆکارە بایۆلۆژی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرێت و فشاری ئابووریش بەشدارێکی بەرچاوە لەم ناسەقامگیرییەدا. زۆرجار نا سەقامگیری دارایی پەیوەندی بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و تەنانەت کێشەی تەندروستی دەروونی توندترەوە هەیە کە دەکرێت بگاتە حاڵەتی خۆکوشتن و لەبیرمان نەچێت چەندین حالەتی خۆکوشتن بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە ڕوویداوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم دۆخە مانگانە ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بووەتە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو، سترێسی مانگانە و نەزانینی کات و بڕی ئەو داهاتەی کە مانگانە دەستیان دەکەوێت بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بەرپرسیاریەتی منداڵ و کەسانی بەتەمەنیان هەیە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی شەکەت بوونی تاک و دڵەڕاوکێی درێژخایەن و خەمۆکی و هەستکردن بە ماندوێتی سۆزداری.