هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕاپەڕینی گشتییە

زیاتر لە 32 ساڵە دەسەڵاتی کوردی حوکمی کوردستانی عێراق دەکات، ئەو ناوچەی لە پاش گۆڕانکارییەکانی 2003 ی عێراق وەک هەرێمی کوردستان ناسراوە، بەڵام بە هۆی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی حکومڕانی بارزانییەکان لە خەراپترین بارودۆخی مێژووییدایە.

هەرێمی کوردستان بە دەست سیستەمی حیزبایەتییەوە دەناڵێنێت، لەم هەرێمەدا جگە لە دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار، کەس بۆی نییە باسی پلە و پۆستەکان بکات، لە ماوەی 32 ساڵی ڕابردوودا بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان و ئەوانەی لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە نزیک بوون گەیشتوونەتە کورسییە باڵاکان و شیاوترین و لێهاتووترین کەسایەتییەکان کە ویستی خزمەتکردنی خەڵکیان هەیە، لە پشتەوەی دیواری دەسەڵاتی حیزبایەتی ماونەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان کە بانگەشەی بوون بە دوبەی و ئەورووپایان بۆ دەکرد، خەڵک لە خەراپترین دۆخی ژیان و گوزەراندان، مووچەخۆران چەندین مانگ مووچەکانیان دوا دەکەوێت و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم ئەم قەیرانەدا نییە کە کەی و چۆن چارەسەر دەکرێت، هەر کات حکومەتی بەغدا پلانی چارەسەری خستووەتەڕوو، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو پلانەی ڕەتکردووەتەوە و نایەوێت مووچەخۆران بە ئاسوودەیی بژین.

لە هەرێمی کوردستان دەیان کێشە و قەیران دەبیرێت، ئاو، کارەبا، سووتەمەنی، ڕێگەوبان و خزمەتگوزارییەکانی تر بوونەتە خەون و خەیاڵێک بۆ خەڵک. حکومەت لەوەدا شکستی هێناوە کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک دابین بکات.

سیستەمی حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکاری بەفیڕۆچوونی سامان و داهات و دەرفەتەکان بۆ گەشەسەندنی ئەم ناوچەیە. ساڵانێکە پارتی و یەکێتی و بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی لە سەر بچووکترین بابەت ناکۆکن و موڵەتی ئەوە ناسدەن خەڵک بە ئاسوودەیی بژین و پاش سەرقاڵکردنی خەڵک، خۆیان لە ژوورە نهێنییەکاندا لە سەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەگەنە ڕێکەوتن.

لەم هەرێمەدا بە هۆی قەیرانە دەستکردەکانی حکومەتە خۆماڵییەکەوە، کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، کوشتن، ڕفاندن، دەسدرێژی سێکسی، قاچاخچێتی، دزی، مادە هۆشبەرەکان و هتد، ئەو کێشانەن بە هۆی دەسەڵاتی کوردییەوە لە کوردستان پەرەیان سەندووە.

ئەم دەسەڵاتە بە هەڵبژاردن ناڕووخێت و وەک دەسەڵاتی بەعس و ڕاپەڕینە گشتییەکەی بەهاری 1991 ی کوردستان، پێویستی بە ڕاپەڕینێکی دووەم هەیە تا حکومڕانی بارزانییەکان لە هەرێمی کوردستان بکاتە بەشێک لە مێژوو و بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بهێندرێت.