هەرێمی کوردستان لە کۆتا قۆناغی حکومڕانیدا

ئەزموونی شکستخواردووی 32 ساڵەی حکومڕانی کوردی لە هەرێمی کوردستان بەو هەموو کێشە و قەیران و ناکۆکی و دووبەرەکییەوە وایکردووە کە نەک تەنیا لای خەڵکەکەی بەڵکوو لای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هەرێم لە کۆتا قۆناغی ئەم حکومڕانییەدا بێت.

جارێکی دیکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زەنگی کۆتایی بۆ ئەم شێوازەی حکومڕانی هەریمی کوردستان لێداوە. ئەمجارە زەنگەکە تەنیا ئابوری و دیپلۆماسی نییە، بەڵکوو لە ڕووی سەربازیشەوە گەندەڵی و نەزانی حکومەتداریی دەسەڵاتی کوردی وایکردووە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە ئاشکرا باس لە ڕاگرتنی هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە بکەن و بە جیهان بڵێن کە ئەم شێوازەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان هی ئەوە نییە پشتیوانی بکرێت و بەردەوام بێت.

لەم ماوەیەدا ژنڕاڵ ماتیۆ مکفارلن فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش وتی کە بێتوانایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەدەستهێنانی مەبەست و ئامانجە سەرەکییەکانی ناو یادداشتی لێک تێگەیشتنمان دەکرێت کاریگەری نەرێنی بخاتە سەر توانای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەم وتە ڕاشکاوەی فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەو زەنگە بوو کە لە مێژە لە هەرێمی کوردستان لێدەدرێت و چەندین جار بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرپرسانی هەرێمەکە لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام نابێت بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام پاساو دەهێننەوە بۆ شکست و ڕەنگە چیتر پاساوەکانیان وەک چۆن لە هەرێمی کوردستان و لای خەڵکی هەرێمەکە بڕوا و متمانەی نەماوە، لە دەرەوەش بە هەمان شێوە تێگەیشتوون کە ئەم شێوازەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری و مانەوە نابێت.

ئێستا هەرێمی کوردستان هەر لە ڕووی سەربازییەوە زەنگی کۆتایی بۆ لێنەدراوە، بەڵکوو لە ڕووی ئابوری و دیپلۆماسیشەوە کار لە زەنگ و ئاگادارکردنەوەدا نەماوە و بەرەو کۆتایی تەواو دەڕوات.

تەنیا 24 کاتژمێر لە پاس لێدوانەکانی فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە بە سەردانێک گەیشتە ئەنکەرە و لە گەڵ وەزیری وزەی تورکیا کۆبووە. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکەش دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە لە لایەن عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

ئەوەی کە هیچ بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان لە شاندەکەی حکومەتی عێراقدا بۆ تورکیا نەبووە و لە وردەکاری ڕێکەوتنەکەی بەغدا و ئەنکەرەش ئاگادار نین، بە واژۆی کۆتایی لە سەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و گوزارشت لەوە دەکات کە پارتی و یەکێتی چیتر هیچ پێگە و ڕۆڵێکیان لە سەر نەخشەی وزەی عێراق نەماوە.

لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە بە هەمان شێوە هەولێر بەرەو پەراوێزێکی نێودەوڵەتی دەڕوات و فڕۆکەخانەکەی چۆڵی دەنوێنێت.

ئەوەی کە دەبینرێت، فشارێکی ڕادەبەدەری نێودەوڵەتییە لە ڕووی ئابوری، سەربازی و سیاسییەوە کە ئامانجەکەی کۆتایی هێنانی ئەم شێوازەی حکومڕانیی هەرێمی کوردستانە و لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش شتێک بە ناوی دامەزراوەکان نەماوە و گرنگتر لەمەش خەڵکی هەرێمەکە هیچ بڕوا و متمانەیەکیان بە حکومەت نەماوە و هیوایان کۆتایی هاتنی ئەم حکومەتەیە.