هەرێمی کوردستان لە ئەورووپا ماڵئاوایی دەکات

نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی عێراق هێندە لاواز و بێ کاریگەرن کە تەنیا بە ئیش و کاری حیزبییەوە سەرقاڵن و حکومەتی عێراقیش هەڕەشەی داخستنیان دەکات و ڕایگەیاندووە کە لە دەرەوەی دەستووردان.

نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 14 وڵاتی جیاوازی ئەورووپادان، هەندێکیان مەودای چالاکی و کارکردنیان لە سنوری لق و ناوچەیەکی پارتی تێپەڕ نەبووە، بەشێکی دیکەشیان هەر لە ئەسڵەوە وەک ناوەندێکی کەلتوری تۆمار کراون و ڕێگەیان پێنەدراوە لە پایتەختەکان بوونیان هەبێت.

بەڵام ساڵانە ملیۆنان دۆلاریان لە سەر حسێبی خەڵکی کوردستان بۆ خەرج دەکرێت، ئەوان تەخشان و پەخشانی پارە دەکەن، لەبری سوود بۆ درووستکردنی لۆبی بۆ قەوارەی هەرێم و دۆزینەوەی پشتیوانی بۆ کورد سەرقاڵی ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵ و کۆمەڵێک ئاهەنگی دیکەن، واتە کاری بەشێکی زۆر لە نوێنەرایەتییەکان گۆڕدراوە بۆ ڕێکخستنی ئاهەنگ و نوێنەرەکەش ئیشی بووەتە عەریف حەفلە.

بودجەی مانگانەی نوێنەرایەتییەکانیش کە بارێکی قورسە بە سەر شانی حکومەتەوە، تا ئێستا نە دیارە چەندە و نە دیاریشە چۆن خەرج دەکرێت.

سەرباری هەموو ئەمانەش ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا کە ئێستا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەورووپا پێک دێنن و هیچ وڵاتێک نەماوە کە ژمارەیەکی بەرچاو کوردی تێدا نەبێت لە لایەن نوێنەرایەتییەکانەوە پشتگوێ خراون. تەنانەت بە پێچەوانەوە زۆر جار ئەوە دەبیستین کە نوێنەرایەتییەکان کار بۆ ئەوە دەکەن ئەو کەسانەی کە لە ئەورووپاوە دەچنە ئەورووپا بە نیازی بوون بە پەنابەر، کەیسەکانیان وەرنەگیرێت و ڕەتبکرێنەوە.

سەرەڕای ئەو هەوڵانەی پێشتر بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە هەبووە و حکومەتی هەرێم ڕەتیدەکردەوە، ئێستا و لە ساڵی 2024 دا بە پێی لاوازبوونی پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەمانی کارتەکانی لە بەرامبەر بەغدا و هەروەها بە بەهێزبوونی ڕۆڵی دادگای فیدراڵی لە عێراق، بەغدا دەیەوێت نوێنەرایتەییەکانی هەرێم لە ئەورووپا دابخات و ببنە بەشێک لە باڵیۆزخانەکانی عێراق لەو وڵاتانە و ئەمەش لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەکرێت.

دەستووری عێراق ڕوونیکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت نوێنەرایەتی سەربەخۆی لە وڵاتانی جیهان هەبێت بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەی باڵیۆزخانەکانی عێراق و بۆ کاروباری ڕۆشنبیری و کەلتوری بێت نەک لۆبیکردن بۆ کەس و حیزبەکان.