هەرێمی کوردستان قوربانی دەستی چەند بەرپرسێکی نابەرپرسە

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە توندی هێرشی کردە سەر حکومڕانی هەرێمی کوردستان و وتی کە هەرێم دەیان ساڵ خەباتی بۆ کرا و خوێنی بۆ ڕژا و شۆڕشی بۆ کرا و ئەمڕۆش کە هاتووەتە بەرهەم، کراوەتە قوربانی ناکۆکی و ناتەبایی و من منۆکێی چەند بەرپرسێکی نابەرپرس.

سەڵاحەدین بەهائەدین ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بۆشایی یاساییدایە، ئەوە بۆ جاری دووەمە کە پەرلەمانی کوردستان دادەخرێت، یان دۆخێک دەسازێنن کە پەرلەمان نەمێنێت، کە پەرلەمانیش نەما هەموو دامودەزگاکانی دیکە دەبنە کاربەڕێکەر و ماوەبەسەرچوو، ئەمەش سەقەتی و عەیبدارییەکی گەورەیە لە پاش زیاتر لە 30 ساڵ.

ناوبراو وتی کە نەزانکاری و نادڵسۆزی وای لەم هەرێمە کردووە کە بەم دۆخەی گەیاندووە، دڵم نایەت شتی دیکە بڵێم ئەگینا شتی دیکەش هەڵدەگرێت، ئەم بێهیواییە هەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاری لە سەر دەکرێت بەردەوام بێت، تاکڕەوی و هەر کەس بۆ خۆی لە دەڤەر و زۆنی زۆی، هەمە کارە بێت و لەبەریشی بڕوات، ئەمە حاڵەتێکی ناتەندرووستە و بەرهەمەکەشی زۆر خەراپ دەبێت.