هەرێمی قوتابخانە داخراوەکان

نزیکەی ٨٠ رۆژە دەرگای دوو هەزار و ٢٩٩ قوتابخانە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێـم داخراوە و تا ئێستاش حکومەت جگە لە بێدەنگی هیچ وەڵامێکی بۆ پەککەوتنى خوێندن لە بەشێکى هەرێم نییە، هاوکات مامۆستایانیش هۆکارەکەی دەخەنە ئەستۆی حکومەتە کەمتەرخەمەکە کە مافەکانیان پێ نادات.

زیاتر لە ٦١ هەزار مامۆستا بەردەوام لەسەر شەقامەکان دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای جێبەجێکردنی داوکارییەکانیان دەکەن، لە بەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم جگە لە بێدەنگی هیچ وەڵامێکی بۆ داواکارییەکانیان و دەستپێکی خوێندن نییە.

سەرباری داخستنی دەرگای دوو هەزار و ٢٩٩ قوتابخانە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم و پەککەوتنی بەشێکی کەرتی پەروەردە لە چەند ناوچەیەک بە هۆی بەردەوامی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە بەرامبەر دواکەوتن و وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان، نزیکەی ٧٠٠ هەزار قوتابی تا ئێستا دەستیان بە خوێندن نەکردووەتەوە.

هاوکات، مامۆستایان هۆکاری داخستنی دەرگای قوتابخانەکان دەخەنە ئەستۆی حکومەتی کاربەڕێکەر کە مافی مامۆستایان نادات و بێباکە لە ئاست ئەو دۆخەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە رووبەڕووی بوونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کەسوکارى قوتابیان باس لەوەدەکەن، پشتیوانى مامۆستایان دەکەن بۆ بەدەستهێنانى مافەکانیان و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن داواکاری مامۆستایان جێبەجێ بکات، تاوەکو دەرگای پەروەردە و فێرکردن بەرووی منداڵەکانیان بکرێتەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار قوتابی هەن، بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لەسنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە نزیکەی ٤٠٪ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.

ماوەی دوو مانگە بەهۆی دابەشنەکردن و دواکەوتنی مووچەکانیان؛ خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە بەردەوامە و بە هۆی پێنەدانی مووچەکانیان مامۆستایان ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و باس لەوەدەکەن، ماوەی نزیکی ١٠ ساڵە لەم دۆخەدان و چیتر بە گیرفانی بەتاڵ و دەروونی نائارامەوە ناتوانن وانە بڵێنەوە.

لە کۆتایی مانگی ١١ داین و تا ئێستا حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی 9 ی فەرمانبەرانی دابەش نەکردووە و ئامادەش نییە بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکات و چاوەڕێی بەغدایە پارەی بۆ بنێرێت.

جگە لە پێنەدانی مووچە، گرفتی کەمی کارەبا لە پارێزگا جیاوازەکانی هەرێم بارگرانی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە و لەوبارەیەشەوە سەرچاوەیەک راگەیاندووە کە حکومەتى هەرێم رۆژانە ٣٠٠ مێگاوات کارەبا تەنیا بە موسڵ دەفرۆشێت و ٦٠٠ مێگاواتى دیکەش بە شارەکانى دیکەى عێراق دەفرۆشێت، لە کاتێکدا هاوڵاتیان هەرێم لە ٢٤ کاتژمێردا تەنها چوار تا پێنج کاتژمێر کارەبایان پێدەدرێت.