هەرێمی دەسەڵاتە بەسەرچووەکان

ڕۆژنامەی العرب چاپی لەندەن لە ژمارەی ڕۆژی 26 ی ئەیلولی 2023 ی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لە سەر هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە بۆشاییەکی یاسایی تەواودایە، پاش ئەوەی کە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، پاساوی دادگاکەش ئەوەیە کە درێژکردنەوەی وادەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نایاساییەوە و دەمێکە مافی نوێنەرایەتیکردنی پارێزگاکانیان نەماوە.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هیچ دامەزراوەیەکی یاسایی نەماوە، چونکە چەند مانگ بەر لە ئێستا و بە بڕیارێکی هاوشێوە و بە هەمان پاساوی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند کە بەو بۆنەشەوە حکومەت، سەرۆکایەتی هەرێم و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان شەرعییەتی یاسایی خۆیان لە دەستدا.

ڕۆژنامەی العرب لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە زۆر جار پاساوی دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە ناکۆکییە سیاسییەکان، بۆشایی یاسایی و نەبوونی دەستوور، بەڵام بە بۆچوونی زۆربەی شارەزایان ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینە لە ئارادا نییە بۆ پابەندبوون بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە داڕشتن و گەڵاڵەکردنی بڕیارە سیاسییەکان و جێبەجێکردنیان نییە، چونکە هەرێم لە لایەن گرووپێکی دیاریکراو لە سەرکردایەتی هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەوە بەڕێوە دەبرێت.