هەرێمی بەکارهێنان و ترانزێتی مادە هۆشبەرەکان
بە لایەنی کەمەوە لە ساڵی (2017)ەوە، ئەم ڕێگایە وەک جێگرەوەیەکی پارێزراوتر لە ڕێڕەوی نێوان ئێران و تورکیا، خۆشبووە بۆ ئەو قاچاغچییانەی ماددەی هۆشبەر دەگوازنەوە، گەورەترین و فراوانترین ئەو ماددانەشی لەم ڕێڕەوەوە بازرگانی پێوە دەکرێت جۆری (کریستاڵ)ە کە ناوە زانیستییەکەی (Methamphetamine)ە، ئەمەش پاڵپشت بەو ئامارانەی لە ساڵی (2022) تۆمار کراون، کە کریستاڵ و هیرۆین حەبی کیپتاگۆن زۆرترین ئەو ماددانەن کە دەستیان بەسەردا گیراوە.
بە گوێرەی زانیاری بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر و سلێمانی، گومان وایە تاقیگەی نهێنی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە دەوروبەری شارەکانی نزیک سنورو ناوچە شاخاوییەکان هەبێت، جگە لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک و دوزخورماتووە.
هاوکات لە (4/5/2024) سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک، ئەوەی بڵاوکردەوە، ڤیدیۆی دەستەبەسەرداگرتنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مادەهۆشبەرەکانی وەک (تریاک و کریستاڵ) لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە.
هەرچۆنێک بێت ئێستا هەرێمی کوردستان کەوتووتە سەر ئەو نەخشە جیهانییەی کە ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەرەکانی لێوە دەگوازرێتەوە، بەو مانایەی کە تەنها هاوردەکار و بەکاربەر و بەرهەم هێن نییە بەڵکو گوێزرەوەشە.
لەبارەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانیشەوە رۆژنامەنوس (دڵشاد ئەنوەر) لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک لە ژێر ناونیشانی (شەڕێکی قورس!) لە بەشێکی وتارێکیدا نوسیویەتی؛
لە ساڵی ٢٠١٧ کاتێک هۆشداریم دەدا لە مەترسییەکانی مادەی هۆشبەرو تەقینەوەی دۆخەکە، خەڵکانێک نەک بەهەندییان وەرنەدەگرت، ڕەنگە گاڵتەشیان هاتبێت، وا ئێستا شەڕەکە بەر دەرگای ماڵ بە ماڵی گرت، دەی من ئێستا پێتان دەڵێم:
دەیان دۆسیە لای دەزگا ئەمنییەکانە، ئالودەبوو کچ و ژنی خۆی ناچار کردووە بە لەشفرۆشی، تا پارەی دەست بکەوێت و مادە بکڕێت. گەر وەزعەکەش وا بڕوات سجن پڕ دەبێت، ئالودە بوو ناگیرێ، چونکە زیندان دەرەقەتی دۆخەکە نایە.
دەیان عائیلە هەن خۆم ئەیانناسم، هەشیانە تەلەفۆن دەکەن، ئالودەبوویان تێکەوتووە، ڕۆژ تا ئێوارە لێیان دەدات، شەویش ناوێرن بخەون ئەترسن بیانکوژێ.
سەدان و بگرە هەزاران حاڵەتی هەڵوەشاندوەی خێزان هەیە.
گەر لە ماڵەکەتدا دە توشبووی سەرەتان هەیەو ئالودەبوویەکی تێدا نییە، سوپاسی خودا بکە، چونکە توشبووی سەرەتان بە ئازاری خۆی دەتلێتەوەو خەفەتەکەی بۆ تۆیە، بەڵام ئالودە بوو ناهێڵێ بخەوی، ماڵت تێکدەدات، ئەترسی دەقەیەک بخەوی، ڕەنگە بتکوژێ.
عائیلە هەیە خۆی زۆر بە محافزکارو دینی دەزانیت، ئالوودەی بووی تێکەوتووە، ژیانی تێکچووە.
ئەگەر گوزەرێکی خێرا بە پەڕەی تایبەتی ” بەرێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان”ی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بکەین، ئەوا بەشێک لەو ڕاستییە ترسناکەمان بۆ بەدیاردەکەوێت لە بارەی دەستەبەسەردا گرتنی بڕو قەربارە و جۆری ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە چی ئاستێکی مەترسیداردایە.