هەرێمی بێ سیاسەت و ستراتیژی
پارتی و بنەماڵەی بارزانی کە بانگەشەی دەوڵەتی کوردییان دەکرد، لە بنەڕەتدا هۆکاری ناکۆکی و ناتەبایی ناوخۆیین لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیان وەها تێکداوە کە ئەگەر ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نێردەیەکی تایبەت بۆ ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەستنیشان بکات ڕەنگە هیچ چارەسەرێکی بۆ نەکرێت. جگە لە یەکێتیش، پارتی پەیوەندییەکانی لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە باش نییە و تەنیا چەند حیزبێکی بچووکی وەک سۆسیالیستەکەی کاکە حەمە و باڵە قەیراناوییەکەی عیرفانی عەبدولعەزیز لە بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانی لە گەڵە.
لە گەڵ بەغداش، بەشداری لە حکومەتی ناوەندی دەکەن، پۆستە باڵاکان وەردەگرن، فەرشی سوور بۆ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی عێراقی لە هەولێر رادەخەن کە هەمووی بە ئامانجی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکرێت، بەڵام کاتێک باسی مووچە و بودجەی هەرێم بێت پابەندی بەڵێنەکانیان نابن و بەغدا مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان دەگرێتەوە. بە واتایەکی دیکە، پارتی و بارزانییەکان تا دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ بەغدا تەبا و برا و هاوپەیمانن بەڵام کە گەیشتە مافەکانی خەڵک، دەبنە دوژمن و بەغدا تەڵاق دەدەن و بوونەتە هۆکاری ئەم هەموو قەیران و گرفتە داراییە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت.
پارتی لە پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەش لە هەڵەکانی بەردەوامە. لە کاتێکدا دەزانێت کە کورد بە گشتی ڕقی لە تورکیا و ئەردۆغانە، بوونەتە ملکەچ و گوێڕایەڵی ئەو وڵاتە و ئەوەی ئەنکەرە داوای دەکات لە کوردستان بۆی جێبەجێ دەکەن. ئەمەش وایکردووە کە خەڵک لە گەڵ دەسەڵاتی بارزانییەکان نەبن و تەنانەت وڵاتانی وەک ئێران و دەسەڵاتی بەغداش بەم بۆنەوە دژی هەرێم بن و ڕەنگە بەشێک لەوەی کە بەغدا بەرامبەر بە کوردستان دەیکات بۆ پەیوەندییەکانی بارزانییەکان و تورکیا دەگەڕێتەوە.
هەرێمی کوردستان ساڵانێکە بێ سیاسەت و ستراتیژی بەڕێوە دەبرێت. هیچ جیهانبینی و دووربینییەک لای دەسەڵاتدارانی هەرێم نییە و هێشتا بە عەقڵییەتی خێڵەکی حوکمی کوردستان دەکەن، ئەنجامەکەشی ئەمەیە کە خەڵک بە چاوی خۆیان دەبینن.