هه‌رێمی كوردستان لەژێر حوکمی چەتەكاندا / هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه‌

حوكومڕانی چه‌ته‌ به‌و جۆره‌ له‌ حوكومڕانییه‌ ده‌وترێت كه‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر موڵك و ماڵی خه‌ڵكیدا به‌كارده‌هێنن له‌پێناو خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و قایمكردنی زیاترى ده‌سه‌ڵاتی خۆیان.

حوكومڕانی پارتی و یه‌كێتى له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت وه‌ك حوكومڕانی چه‌ته‌كان پۆڵێن بكرێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ى خواره‌وه‌:

یه‌كه‌م/ گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان: گه‌نده‌ڵی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌و مه‌ترسیداره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و تا ئێستا نه‌توانراوه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت. ته‌نانه‌ت قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵی له‌ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم خۆیان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵی ئاڵه‌نگارییه‌كى مه‌ترسیداره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. له‌ په‌یامێكدا به‌هۆى سه‌رى ساڵى نوێ وه‌، له‌ ساڵى 2011دا مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى ئه‌و كاتى هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی چاكسازی ڕه‌گوریشه‌یی دا له‌ چه‌ند سێكته‌رێكی سه‌ره‌كیداو، ڕایگه‌یاند خه‌ڵكی كوردستان له‌ماوه‌ى سێ بۆ چوار مانگدا ده‌رئه‌نجامی پڕۆسه‌ى چاكسازی ده‌بینن. به‌هه‌مان شێوه‌، له‌ نامه‌یه‌كدا له‌ 31 مانگی یه‌كی 2011، نوسینگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ گه‌نده‌ڵی كێشه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌و پێویسته‌ ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌. له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌ 2016 له‌گه‌ڵ سایتى ئه‌لمۆنیته‌ر، بارزانى به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ مه‌ترسی گه‌نده‌ڵی ده‌كات له‌ هه‌رێمی كوردستان: ” بۆ ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی پرسی ژیان و مه‌رگه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ چۆن ئێمه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى داعش ده‌بینه‌وه‌، من ئاواش به‌ هه‌مان هێزو تواناوه‌ ڕووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵی ده‌بمه‌وه‌”. پارێزگاى هه‌ولێر له‌ بۆنه‌یه‌كدا له‌ ساڵى 2019 ڕایگه‌یاند: “گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه‌. پێویسته‌ به‌ ئازایه‌تییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵی بینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵی نه‌بینه‌وه‌ دواتر قورسده‌بێت بۆمان ڕووبه‌ڕووی بینه‌وه‌”. به‌هۆى گه‌وه‌ریی قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵییە‌وه‌، كابینه‌ى نۆیه‌می حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ساڵى 2018دا دروستكرا، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی و چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد به‌ به‌شێك له‌ ئه‌جێنداى خۆى. به‌ڵام له‌ڕووى كردارییه‌وه‌، به‌ڵێن و گفته‌كانى كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ چاكسازی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی تا ئێستا ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌وتۆى نه‌بووه‌. بۆ نموونه‌، له‌ ساڵى 2019دا، هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی پێویستى به‌ (880) ملیار دینار بوو، به‌ڵام له‌ ساڵى 2023دا، پێویستى به‌ (920) بۆ (940) ملیار دیناره‌. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كابینه‌ى نۆیه‌م سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌ ئه‌نجامدانى چاكسازی ڕاسته‌قینه‌.

كه‌واته‌، به‌رفراوانی ئاستى قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم ده‌سه‌ڵات بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و كۆكردنه‌وه‌ى سه‌روه‌ت و سامان تایبه‌تى به‌كارده‌هێنن. زۆرێك له‌ كۆمپانیاكانى هه‌رێمی كوردستان یان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ خاوه‌ندارێتی ده‌كرێن یاخوود ده‌سه‌ڵاتداران پشكی گه‌وره‌یان له‌ كۆمپانیاكاندا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها، بازرگانی و بازاڕیش له‌لایه‌ن ئه‌و دوو حزبه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌.

دووه‌م/ نه‌بوونى شه‌فافیه‌ت له‌ داهات و خه‌رجیدا: له‌ ساڵى 2013ه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى نه‌بووه‌، ته‌نها چوار ساڵ حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان بودجه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌بووه‌، له‌ساڵانی (2009، 2010، 2011، 2012) حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی بودجه‌ى ڕاسته‌قینه‌ بووه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكى پێشووی په‌رله‌مانى كوردستان، ڕێواز فایه‌ق ده‌ڵێت: “زیاتر له‌ جارێك وتوومه‌ نه‌بوونى یاساى بودجه‌ به‌ته‌نها به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بسه‌نرێته‌وه‌”. نه‌بوونى یاساى بودجه‌و نه‌ناردنى پڕ‌وژه‌ یاساى بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان هه‌لی گه‌وره‌ بۆ گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافی و نادادی ده‌ڕه‌خسێنێت، به‌و پێیه‌ی ده‌زگاى چاودێرى كه‌ په‌رله‌مانه‌ هیچ له‌باره‌ى داهات و خه‌رجیه‌وه‌ نازانێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، داهاتی فرۆشتنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان، داهاتی خاڵه‌ گومرگییه‌كان و داهاتی ناوخۆ ڕوون نین، به‌ڕوونی نازانرێت داهاتی حكومه‌تى هه‌رێم چه‌نده. نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتدا ئاماژه‌یه‌كی زۆر ڕوونه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی چه‌ته‌گه‌رایی پارتى و یه‌كێتى له‌به‌رئه‌وه‌ى ته‌نها ئه‌و سه‌ركردانه‌ له‌ شه‌فافیه‌ت ده‌ترسن، كه‌ ده‌ستپاك نین.

سێهه‌م/ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵات قۆرخكراوه‌: پرسیارێكی ساده‌، ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی پارتى و یه‌كێتی به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورى گه‌وره‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نییه‌، ئه‌ى بۆچى واز له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناهێنن؟ یان بۆچى له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ده‌ترسن و ناوێرن له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبده‌ن؟ وه‌ڵامه‌كه‌ى زۆر ڕوونه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كورسی ده‌سه‌ڵات به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورى گه‌وره‌ى بۆ به‌رپرسانى پارتى و یه‌كێتى دروستكردووه‌، له‌ حاڵه‌تی له‌ ده‌ستدانى كورسی ده‌سه‌ڵات له‌وه‌ ده‌ترسن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانیشیان بكه‌وێته‌وه‌ مه‌ترسیه‌وه‌. ده‌رئه‌نجام، هه‌ردوو حزبه‌كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ هێشتنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتی چه‌ته‌ ئاسای خۆیان كه‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و خواستى خه‌ڵك موماره‌سه‌ى ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ردوو حزب پێویستیان به‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ر نه‌كرێت یان ئه‌گه‌ر كرا هه‌وڵده‌ده‌ن باوه‌ڕو متمانه‌ى خه‌ڵك به‌ هه‌ڵبژاردن لاوازبكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌له‌ هه‌وڵدان بۆ لاوازكردنی سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌ مه‌ده‌نییه‌كان بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌وانه‌ش كپكردنی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان و ڕێگریكردن له‌ خۆپیشاندان و لاوازكردنی ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادیی ڕاگه‌یاندنه‌كان له‌ڕێگه‌ى ده‌ستگیركردن و په‌لاماردانى ڕۆژنامه‌نوسان و داخستنى كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن.

چواره‌م/ لاوازكردنی دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كان: ده‌سه‌ڵاتی پارتى و یه‌كێتى له‌دۆخێكی هه‌بوونی یاساو ڕێسادا گه‌شه‌ ناكات، هه‌ربۆیه‌ پارتى و یه‌كێتى بۆ هێشتنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى چه‌ته‌ئاسای خۆیان هه‌ستان به‌ لاوازكردنى دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كان، به‌تایبه‌ت لاوازكردنى ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رى.

پارتى و یه‌كێتى موماره‌سه‌ى جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مری واقیع له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ وایكردووه‌ په‌رله‌مان نه‌توانێت لێپێچینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت بكات، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى چه‌ندین شێوازو ڕێگای جۆراوجۆریان بۆ لاوازكردنی په‌رله‌مان گرتۆته‌به‌ر. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مری واقع له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕێگر بووه‌ له‌وه‌ى دادگاكان و دامه‌زراوه‌كانى سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆبن، به‌م هۆیه‌وه‌ قورسه‌ به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی لێپێچینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى لایه‌ك ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆ نییه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ى داواكارى گشتى به‌شێكه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دادو له‌ژێر ڕكێفی حكومه‌تدایه‌، به‌م هۆیه‌وه‌ ناتوانێت لێپێچینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت بكات.

پێنجه‌م/ داگیركردنی زه‌وی: له‌م ساڵانه‌ى دواییدا، پارتی و یه‌كێتى ده‌ستیانكردووه‌ به‌ تاڵانكردن و ده‌ستگردن به‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵی و شاخ و ته‌پۆڵكه‌ سروشتییه‌كاندا. به‌رپرسانی سیاسی ئه‌و دوو حزبه‌ له‌پێناو خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنى زیاتردا ڕه‌گه‌زی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان و ته‌پۆڵكه‌و به‌رزاییه‌كان ده‌گۆڕن بۆ زه‌ویی نیشته‌جێبوون یان ده‌یفرۆشن یاخوود شوقه‌و باڵه‌خانه‌و ڤێلای له‌سه‌ر دروستده‌كه‌ن.

شه‌شه‌م و كۆتایی/ هێزی حزبی: پارتى و یه‌كێتى تا ئێستا خاوه‌نی هێزی چه‌كدارن و ڕێگرن له‌وه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌كبگرنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی:

– له‌ڕێگه‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ده‌توانن سه‌روه‌ت و سامانه‌ ناڕه‌واكانیان بپارێزن.

– ده‌توانن به‌رگری له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بكه‌ن.

– ده‌توانن مانه‌وه‌ی خۆیان بپارێزن.

– سه‌ركوتكردنى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و له‌ناوبردنی نه‌یاره‌ سیاسیه‌كانیان.

له‌ڕاستیشدا ته‌نها چه‌ته‌كان پێویستیان به‌وه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسا هێزی چه‌كدارییان هه‌بێت، چونكه‌ چه‌ته‌ باوه‌ڕی به‌ یاسا نییه‌و پێیوایه‌ ده‌بێت خۆى خۆى بپارێزێت.

به‌گشتى، ده‌سه‌ڵاتى پارتی و یه‌كێتى ده‌سه‌ڵاتێكی چه‌ته‌ ئاسایه‌و پارتى و یه‌كێتى خاوه‌نی جیهانبینییه‌كی بچوك و به‌رته‌سكن ناتوانن ببن به‌ دوو حزبی مه‌ده‌نی دیموكراسی شیاو بۆ بونیادنانی حوكومڕانییه‌كی ته‌ندروست. چاره‌سه‌رى گونجاو بۆ ئه‌و دۆخه‌ گۆڕینى پارتی و یه‌كێتییه‌ له‌ڕێگه‌ى پڕۆسه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی چه‌ته‌ ئاسای پارتى و یه‌كێتى به‌رده‌وامی ده‌بێت و خه‌ڵكیش ژیانیان زیاترو زیاتر لێتاڵ ده‌بێت.