نەوەی نوێ: پارتی و یەکێتی لە کەرکوک کورد بە کوشت دەدەن

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە کە دووبارە هەر دوو حیزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی لە کەرکوک بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک کوردیان بە کوشتدا و ئەمڕۆ بێت یان سبەی تۆڵەی خوێنی کورد لە دەسەڵاتداران دەکرێتەوە.

نووسینگەی نەوەی نوێ لە کەرکوک ڕاگەێندراوێکی لە سەر ڕووداوەکانی شەممەی ئەم شارە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە کە دیسانەوە حیزبە شۆڤینییە عەرەبی و نەتەوەییەکانی دیکە لە گەڵ دەسەڵاتی شکستخواردووی کورد، کوڕی کورد بە کوشت دەدەن بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک و لەبیربردنەوەی فرۆشتنی ئەم شارە و خزمەتنەکردنی لە سەر دەستی ئەوان.

ڕاشیگەیاندووە کە پارتی و یەکێتی هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک نەکرێت و پارێزگارێکی کورد دانەنرێت.

نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە کە پارتی و یەکێتی ئامادەن کەرکوک بسووتێنن و خەڵکەکەی بە کوشت بدەن لە پێناوە گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان.