نەوەی نوێ داوای ڕادەستکردنی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەکات

وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر وڵاتتان بۆ بەڕێوە نابرێت، ڕادەستی ئێمەی بکەن و ئێمە مووچە دابەش دەکەین، ئێوە نە حکومڕانیان پێدەکرێت و نە هی ئەوەن تەنانەت ماڵی خۆشتان بەڕێوە ببەن.

هیمداد شاهین لە پەیامێکدا بە ناونیشانی پەیامێک بۆ حکومەتی ماوەبەسەرچوو، ڕایگەیاند کە ئەگەر مووچەی خەڵکتان پێ دابەش ناکرێت و وڵاتتان بۆ بەڕێوە نابرێت، ڕادەستی ئێمەی بکەن و ئێمە مووچە دابەش دەکەین.

ناوبراو پرسیاری لە حکومەت کرد و ڕایگەیاند کە مانگانە سەدان ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ کوا؟ ئەم هەموو پارەی باج و هاتووچۆ و گومرک و سەرانەیە کوا؟ کوا پارەی ئەو نەوتەی ڕۆژانە بە تەنکەر دەینێرنە دەرەوە؟ کوا پارەی ئەو نەوتەی دەیدەنە پاڵاوگەکان و بەنزین و نەوتەکەی بە خەڵک و بە عێراق دەفرۆشنەوە؟ کوا پارەی نەوتی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ کە بڕی دوو ملیار دۆلار فرۆشراوە؟