نەوەی نوێ: حکومەتی هەرێم تەنیا بە نەقیزە ئیش دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگات.

کاوە عەبدولقادر ڕایگەیاند کە زیاتر لە دوو مانگە مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دابەش نەکراوە لە بەر ئەوەی کە حکومەتی هەرێم ئامادە نەبووە لیستی ناوی ئەو هێزانە ڕەوانەی بەغدا بکات بەڵام کە زانییان بەغدا بەو شێوەیە مووچە دابەش ناکات و فشارەکانیان لە سەر زیاتر بوو، بە ناچاری لیستی ناوی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکە دەنێرن، کە واتە ئەم حکومەتە بە نەقیزە نەبێت ئیش ناکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە حکومەتی هەرێم بەو هەموو دزینی داهاتی نەوت و ناوخۆ و گومرکەکانەوە چاوی لەوەیە کە بەغدا مووچە بنێرێت و خۆی بەرپرسیارێتی دابەشکردنی مووچە هەڵناگرێت.