نەوەی دووەمی بارزانی و تاڵەبانی دوژمنی سەرسەختی یەکترن

کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی نەک تەنیا لە کوردستان و عێراق بەڵکوو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەنگیداوەتەوە و ماڵپەڕێکی بەریتانی ڕایگەیاندووە کە نەوەی دوومی بارزانی و تاڵەبانی دوژمنایەتییەکی سەخت لە نێوانیاندا هەیە.

ماڵپەڕی Fair Observer کە ماڵپەڕێکی بەریتانییە، ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی قەیرانی سیاسی هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییەکان وایکردووە هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوە نەچێت و پرۆسەکە لە لایەن بەغداوە لە داهاتوودا سەرپەرشتی بکرێت.

ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە تێڕوانینی خەڵک و هاوپەیمانان زیانێکی گەورەی لە دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم گەیاندووە.

ماڵپەڕەکە تیشکی خستووەتە سەر ناکۆکییە بەردەوامەکانی یەکێتی و پارتی و ڕایگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم لە ئەنجامی ئەم ناکۆکییانەوە هەرەسی هێناوە و لە ئێستادا شتێک بە ناوی حکومەت نییە و مەسرور بارزانی ئیش و کاری ناوچەکانی ژێر دەستی پارتی دەکات و بافڵ تاڵەبانیش وەک سەرۆکی یەکێتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حیزبەکەی هەمان ڕۆڵی هەیە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە نەوەی دووەمی بارزانی و تاڵەبانی ناکۆکی و دوژمنایەتییەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە و ئەم ناکۆکییەش وایکردووە کە هەڵبژاردنەکان دوابکەوێت، پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان زیانێکی قورسیان بەرکەوێت.