نەزهەت حالی: ژمارەی ماستاوچییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر بووە

بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی پاراستن ڕایگەیاند کە لە ئێستادا پێوەری لێهاتوویی و کارامەیی و دڵسۆخی بووەتە زۆرترین و خەستترین ماستاوکردن و وتیشی کە دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو پووکانەوەی ناوخۆیی دەڕوات.

نەزهەت حالی کە ماوەیەکە لە ڕێی نووسینەکانیەوە دەنگی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بەرز کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە دۆخی هەرێم بە تایبەت لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە بەرەو پووکانەوەی ناوخۆیی دەڕوات و دەسەڵاتداران ناتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە لە ئێستادا پێوەری لێهاتوویی و کارامەیی و دڵسۆزی بووەتە زۆرترین و خەستترین ماستاوکردن بۆ وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات و بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە و بە دیاردەبوونی و زۆری ماستاوچییەکان، مەترسییە لە سەر کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە لە سەر حسێبی بەرژەوەندی خۆیان و دژ بە بەرژەوەندی گشتی هەنگاو دەنێن و گرنگی بە داهاتووی وڵات و تەنانەت ئەو بەرپرسەش نادەن کە لە تەمەلوقکردن بۆی ڕێکۆردیان شکاندووە.

نەزهەت حالی ڕایگەیاندووە کە کەناڵە میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە سەکۆی دەرفەت بۆ ماستاوچییەکان و هەر کات بیانەوێت بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان ماستاوچییەتی دەکەن.