نەزهەت حالی و پێداگری لە سەر لەناوچوونی پارتی

سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری پارتی دیمۆکراتی کوردستان ماوەیەکە بە ئاماژە بێت یان ڕاستەوخۆ، باس لە لاوازیی هەرێم و لەناوچوونی دەسەڵاتی کوردی دەکات، ئەو دەزانێت کە بارزانییەکان لوتکەی دەسەڵاتی هەرێمیان بە دەستەوەیە و بەم بۆنەوە ئاراستەی نووسینەکانی یەکسەر ماڵی بارزانییە.

نەزهەت حالی بە سندۆقی نهێنییەکانی پاراستنی پارتی دەناسرا، ماوەیەکە دەڵێت بنەماڵەی بارزانییەکان بەرەو پووکانەوە و لەناوچوون دەڕۆن. ئەو لە لایەن مەسعود بارزانییەوە دوورخرایەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بابۆ بارزانی یان هەمان مەلا مستەفا مەسعود بارزانی لە دوای دامەزراندنی یەکەی دژە تیرۆر لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیاریەتی ئەو یەکەیەی وەرگرت و دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لە لایەن مەسرور بارزانییەوە چاوی لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو بەڵام نێچیرڤان بارزانی ڕێگریی لەوە کرد کە بە ئامانجەکەی بگات.

هۆکاری دژایەتییەکەی نێچیرڤان بارزانیش ئەوە بووە کە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەسراوە بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە و مەسعود بارزانی بۆ دوورخستنەوەی ناکۆکی نێوان کوڕ و برازاکانی، نەزهەت حالی بۆ ئەو پۆستە لە بەرچاو گرتبوو.

نەزهەت حالی لە ئەنجومەنی ئاسایش تەنیا فەرمانی لە مەسرور بارزانی وەردەگرت و خۆی سەرۆکی دەزگای پاراستنی پارتی بوو. دۆخەکە گەیشتە ئەوەی کە چەند جارێک شەڕ لە نێوان وەیسی بارزانی و نەزهەت حالی درووست بوو.

شەڕەکە پاشان گەیشتە نێو کوڕانی مەسعود بارزانی، بە تایبەت لە نێوان وەیسی بارزانی و مەسرور بارزانی، چونکە لە دوای بوونی مەسرور بارزانی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەیسی بارزانی لە پاراستنی پارتی دوورخرایەوە و هعکاری دوورخستنەوەی نەزهەت حالی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە پۆستێکی فەیسبووکدا وەسفی ئیدریس بارزانیی کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر لە ژیاندا دەما ئێستا نێو ماڵی کوردی یەکگرتوو دەبوو. نەزهەت حالی ئاماژەیەکی بە مەسعود بارزانی نەدابوو.

مەسعود بارزانی بەم بۆنەوە نەزهەت حالی ناردە ماڵەوە و ئەمەش زیانێکی زۆری لە جەماوەری پارتی دا. نەزهەت حالی پاش دەرکردنی لە پاراستن، هەوڵی ئەوەیداوە کە ڕاستییەکانی بنەماڵەی بارزانی ئاشکرا بکات کە چی لە نێو ئەو بنەماڵە و ئەو حیزبەدا دەگوزەرێت.

حالی ڕایگەیاندووە کە کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی پارتی زۆر بووە، کێشەکان ڕوویان لە هەڵکشانە و کابینەکەی مەسرور بارزانی کوردستان بەرەو خەراپتربوون دەبات.

ڕاشیگەیاندووە کە پارتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە بۆنەی ناتەبایی ناوخۆیی و ناکارامەیی سیاسی بەرەو پووکانەوە دەڕوات.