نەزهەت حالی و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر مەسرور بارزانی

بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای پاراستن بە ڕاشکاوانە و ئاشکرا سەنگەری دژایەتی پارتی و ماڵی بارزانیی هەڵبژاردووە، ئەو ناوە ناوە بە نووسین و ڕەخنەکانی ئاگر بەردەداتە گیانی حیزبەکەی کە ساڵانێک لە لوتکەی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکەدا بووە و بە بێ هیچ پاداشتێک لێی دەرکرا.

نەزهەت حالی کە ماوەیەکە بە نووسینەکانی، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە، ئەمجارەش هێرشی کردووەتە سەر مەسرور بارزانی و پارتی و دامودەزگاکانی حکومەتی بە حیزبی و کەسی ناو بردووە و ڕایگەیاندووە لەم دۆخەدا حکومەت ناتوانێت وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی خەڵک بێت.

بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای پاراستن ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی بەرژەوەندی و ئامانجە گشتی و نیشتمانییەکان پێناسەیەکی زانستی و واقعی و نیشتمانییان بۆ نەکرێت و دیاری نەکرێن، تا ئەو کاتەی دامەزراوە فەرمییەکان زۆر یان حیزبی و کەسی بن و تەواو نیشتمانی نەبن، تا ئەو کاتەی بەرپرس و فەرمانبەرانی حکومەت لە شوێنی کاری خۆیان زیاتر بە بیری حیزبی و کەسی کار بکەن، نەک بە دامەزراوەیی، دۆخی هەرێمی کوردستان لەمە خەراپتر دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە کە دەبێت لەوە دڵنیا بین کە دامەزراوەکانی حکومەت نەک ناتوانن وەڵامدەرەوەی پێداویستی و داواکارییەکانی هاووڵاتیان بن، بەڵکوو ناتوانن گەرەنتی سەقامگیری و مانەوەی سیستەمی سیاسیش بکەن، چوونکە هەر کەس و لایەنێکی ناو حکومەت بۆ خۆی کار دەکات نەک بۆ خێری گشتی و بۆ حکومەت، هەر بۆیە دامەزراوە فەرمییەکان ناتوانن خۆیان لە گەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنن و وەک پێویست بە سەر قەیرانەکاندا زاڵ بن و لە دەرفەتەکانیش سوود وەربگرن.