نەزهەت حالی دژی پاراستن کەوتەوە قسە

ئەو کەسەی کە پێشتر سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بوو، ئێستا بەردەوامە لە ڕەخنە و دژایەتیکردنی و ئەمجارەش لە نوێترین نووسینیدا بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە قسەی بەو دەزگایە وتووە.

نەزهەت حاڵی کە سەردەمێک بە سندۆقە ڕەشەکەی دەزگای پاراستن دەناسرا، لە نووسینێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە هەندێک کەس ئاسایش و ئازادی وەک دوو چەمکی دژ بە یەک دەبینن، تەنانەت لەو بڕوایەدان کە دەبێت ئازادی بکرێتە قوربانی دەستەبەرکردنی ئاسایش، لە بەر ئەوەی کە بە تێڕوانینی ئەوان ئازادی دەبێتە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵات. لە بەرامبەریشدا تێڕوانینی دیکەش هەیە کە بڕوایان وایە بە ناوی چەسپاندن و دەستەبەرکردنی ئاسایشەوە دەسەڵات ئازادی خەڵک بەرتەسک دەکاتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە وڵاتانی نادیمۆکراسی تەنیا کەسی یەکەمی وڵات و کەمینەیەکی دەسەڵاتداری ناوەندی سیاسی ئەمنین و خەڵک و هاووڵاتی دەکەونە پەراوێزەوە، تێچووی پاراستنی سەرکردەکان لە گەلێکی پەراوێزخراو و توڕە لە دەسەڵات زۆرە، هەرچەندە پاراستنی هەمیشەییان لە گەل زۆر ئەستەمە.

نەزهەت حالی لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە پێویستە ئەو هێزە سیاسییەی لە خولی داهاتوودا حوکمڕانی کوردستانی بە دەستەوەیە، هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات و لە سەر بنەمای ئەوەی هاووڵاتیان ناوەندی سیاسی ئەمنی بن، هاوسەنگی لە نێوان ئازادی و ئاسایش لە کوردستان جێگیر بکات.