نیو ڕابەرەکەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەستگیر دەکرێت

بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان کەوتووەتە نێوان هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم. لە هەولێر بارەگای بزوتنەوەی سەر بە کامیل حاجی عەلی دادەخرێت و لە سلێمانیش لە سەر سکاڵای ناوبراو فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەردەچێت.

دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری باڵێکی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەرکردووە.

بە گوێرەی نووسراوێکی ئەنجومەنی دادوەری، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەرکردووە و بە هۆی ئەوەش بووە کە لە بنکەی پۆلیسی کوردسات سکاڵای لە سەر تۆمار کراوە.

بە پێی زانیارییەکان سکاڵاکەش لە لایەن کامیل حاجی عەلی بووە کە ئەویش خۆی بە ڕابەری بزوتنەوە ناو دەبات و ڕایگەیاندووە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە.