نۆرەی شەڕە بانکە
بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لەوە دەکەن لقی هەر دوو بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە پارێزگای سلێمانی بکرێتەوە.
بانکی ڕافیدەین ڕەزامەندی دەربڕیوە کە لقێکی لە پارێزگای سلێمانی بکرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراقی وەرگرتووە.
بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ دیاریکردنی هۆکاری ڕەتکردنەوەیان ڕێگری لەوە کردووە کە لقی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە سلێمانی بکرێنەوە.
بەرپرسانی پارتی لە حکومەتی هەرێم دژی ئەو هەنگاوەن بوون و پێدەچێت لەو بڕوایودا بن کە کردنەوەی لقی ئەو دوو بانکە دژی پلانێکی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدایە کە لە ئێستادا سەرقاڵی کردنەوەی بانکی نیشتمانن لە هەولێر کە بانکەکە وەک لقی بانکی ناوەندی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
بۆ کردنەوەی بانکی نیشتمان، حکومەتی هەرێم وەک بارمتە بە بەهای 250 ملیار دینار موڵکی گرانبەهای داناوە لە گەڵ 25 ملیار دیناری کاش تا بانکەکە لە هەولێر دەست بەکار ببێت.
بەرپرسانی پارتی پێیان وایە کە کردنەوەی لقێکی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە شاری سلێمانی دژی ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمە و بەم بۆنەوە دژایەتی خۆیان بۆی دەربڕیوە.