نۆرەی سواڵە نەوتە!!

حکومەتێک نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، حکومەتێک بودجەی خۆیی پێ دابین نەکرێت، حکومەت نەتوانێت بەرمیلە نەوتێک بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات، ئەمە حکومەتە یان نەگبەتییە بە سەر خەڵکەکەیدا؟

ئەمە چیرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. حکومەتێک کە بارزانییەکان دەستیان بە سەردا گرتووە و خۆیان کردووەتە بڕیار بەدەستی هەرێمی کوردستان.

ئەم حکومەتە کە وەک ئەزموون و دەسکەوت ناوی دەبەن، لە کارنامەیدا هیچی بۆ خەڵک نەکردووە، ئەگەر شتێک کراوە و ئەگەر پێشکەوتنێک لە هەندێک بواردا هەیە کە بانگەشەی بۆ دەکەن، بۆ حیزب و بنەماڵە و کەسانی دەستڕۆیشتوو بووە و خەڵک بە گشتی خێریان لەم حکومەتە نەبینیوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە درێژایی زیاتر لە 30 ساڵی ڕابردوو نەیتوانیوە کارەبای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە دابین بکات. هێشتا دەنگ و دووکەڵی موەلیدەکان لە شەقام و کۆڵانەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا ئازاری خەڵک دەدات.

سووتەمەنی بە فاکتەرێکی گرنگ لە هەر وڵاتێکدا دادەنرێت، بە واتایەکی دیکە هەبوونی سووتەمەنی و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی لە ڕەزامەندی خەڵکدا هەبێت. ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووە؟ حکومەتێک کە ناتوانێت بەرمیلە نەوتێک بۆ سەرما و سۆڵەی زستان بۆ خەڵک دابین بکات، کەی ناوی حکومەتە. بەنزینەکەش ئەگەر بە کەموکوڕی هەیە وەک مافیا و بۆ دەستخستنی پارەی بەرپرسان و کۆمپانیاکانە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانیشی بۆ دابین نەکرا و هەموو سازشتێکی بۆ بەغدا کرد تا حکومەتەکەی سودانی بڕە پارەیەک بۆ مووچە ڕوانەی هەرێمی کوردستان بکات، ئەویش بە قەرز.

شاندی هەرێم 20 جار سەردانی بەغدای کرد، باڵیۆزی وڵاتان بە دەست سواڵکردنی مووچەی حکومەتی هەرێمەوە هیلاک بوون تا سودانی و سەرکردە شێعەکان بەوە ڕازی بوون بڕە پارەیەک بە قەرز بۆ هەرێم بنێرن کە ئەویش لە پشکی بودجەی ساڵی 2024 ی هەرێم دەبڕێت و دیسانەوە هەمان کێشە و گرفت دێتە پێشەوە.

ئێستا کە لە وەرزی سەرما نزیک دەبینەوە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی کە توانای دابینکردنی نەوتیشی نییە، لە ڕێگەی میدیاکانەوە سەرقاڵی ئەوەیە بە خەڵک بڵێت حکومەتی بەغدا دەبێت وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانیش دابەش بکات.

پرسیار ئەوەیە، ئێوە هەموو کات دەڵێن ئێمە وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق نین و قەوارەیەکی فیدراڵین و خۆمان حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانمان هەیە. ئەی بۆ باسی مووچە و نەوت و بەشە خۆراک دەکرێت دەبنە هاوتای پارێزگاکانی دیکەی عێراق؟ مووچە و نەوت و ئەم و ئەو لە بەغداوە بێت، ڕۆڵی ئێوە وەک حکومەت چییە؟ بە دڵنیاییەوە کە ئەمە حکومەت نییە و نەگبەتییە بە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە.