نۆرەی سواڵە ئاوە!

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کێشەی کەم ئاوی هەولێر چارەسەر بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی قەیرانەکان، لە هەر بوارێکدا پەنا بۆ بەغدا دەبات و سەر زمان و ژێر زمانی بەرپرسانی پارتیش ئەوەیە کە سەربەخۆییمان دەوێت.

حکومەتی هەرێم بە ئەنقەست بێت یان بێ پارەیی، مووچەی فەرمانبەران دابەش ناکات و داوای پارە لە بەغدا دەکات.

حکومەتی هەرێم داوای بەشە دەرمان و سووتەمەنی و ئەم و ئەو لە بەغدا دەکات.

لە نوێترین داواکاریدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێری ناردووەتە لای محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و داوایکردووە کە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی هەولێر یارمەتیدەر بێت.

ئیتر ئیشی حکومەت چییە و ئەم هەموو هاشوهوش و خۆبەزلزانینەی دەسەڵاتدارانی هەرێم چییە؟ حکومەتێک نەتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەکیی بۆ هاووڵاتیان بێت و قەیرانەکانی پێ چارەسەر نەکرێت، ناوی حکومەت نییە و تەنیا نەگبەتییەکە بە سەر خەڵکی کوردستانەوە.