نوێنەرە درۆزنەکانی کورد لە بەغدا

وادیارە نوێنەرانی کورد لە بەغدا، لەلایەک نوێنەرگەلێکی بەهێزنین لە یەکلاییکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە کورد، لەلایەکیتریشەوە هەموو ئەو زانیارییانەشی بە میدیای کوردییانداوە و هەندێکجاریش لە میدیاکانەوە خۆیان بڵاویانکردۆتەوە، وادەرنەچوون و پێچەوانە بوونەوە، ئەم نوێنەرانە بۆ چەندانجار شاباشی ئەوەیان هەڵدا کە ئیدی کێشەی موچە چارەسەرکراوە و کۆتاییهاتووە، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا، دەرکەوت کێشەی موچە چارەسەرنەکراوە و پرسەکە یەکلایی نەکراوەتەوە و هێشتا موچە لە بەرداشی بەغدا و هەرێمدایە.

نەک هەر موچە تەنانەت لە چەند ساڵی رابردوودا، کێشەی جووتیارە کوردەکانی پەڵکانەی سەربە ناحیەی سەرگەڕانی کەرکوکیش وەک خۆی ماوەتەوە و چارەسەرنەکراوە و ناوبەناو عەرەبەکانی ناوچەکە پەلاماری ئەم جووتیارانەیانداوە و رێگرییان لەکۆکردنەوەی دەغڵودانەکانیان کردووە، تاکە هێزی دەست ئەم عەرەبە هاوردەکراوانە بۆ لاوازی و ناکۆکی کورد لەناوخۆدا دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەرانی کورد لە بەغدا، هێندە بەهێز و کاریگەرنین بەغدا ناچار بکەن ئەم کێشەیە یەکلایی بکەنەوە و بیکەن بە بابەتی جدیی و جێ موناقەشەی وردیی ناو ئەنجومەنی نوێنەران و بەرگری لێبکەن.

لەدوای ساڵی 2003وە تا 2024، داکشانێکی گەورە لە ویستی کورددا لە بەغدا دەبینرێت، ئەم مێژووە بۆ پێگەی کورد، دابەشی دوو قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەکەم تا دەرکەوتنی داعش و 16ی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت و قۆناغێکە هەم کورد تێیدا بەهێزە و هەم خەونی نوێنەرانی کوردیش لە ئەنجومەنی نوێنەراندا جیاوازبوو لەئێستا، بەڵام دەرکەوتنی داعش و کەتنی ریفراندۆم، دوو هەزەی گەورە و کاریگەربوون کە هەموو هێز و پێکهاتەیەکی عیراقی بەخەبەر هێنایەوە و لەوە بەدوا قۆناغی دووەمی پێگەی کورد دەستپێدەکات تا ئەم چرکەیەی ئەم دێڕانە دەنووسین، قۆناغێکی لاوازی بێکاریگەرەو هاوکێشەکە بۆ کورد تەواو پێچەوانەیە.

لە نووسینی ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد