نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە وڵاتانی دەرەوە دادەخرێن

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاواز دەبێت و پاش ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت، باس لەوە دەکرێت کە حکومەتی ناوەندی عێراق بڕیارێکی دیکە سەبارەت بە هەرێم جێبەجێ دەکات.

حکومەتی عێراق بەنیازی داخستنی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمە و بۆ ئەمەش پلانێکی ئامادە کردووە.

حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە وڵاتانی جیهاندا باڵیۆزخانەی هەیە و پێویست بەوە ناکات حکومەتی هەرێم بە شێوازی سەربەخۆ نوێنەرایەتی هەبێت.

پێشنیار کراوە کە لە باڵیۆزخانەکانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە حکومەتی هەرێم نوێنەرایەتی کردووەتەوە، ژوورێک بە ناوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بکرێتەوە.

ئەمەش لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە بەر ئەوەی کە لەم قەیرانە داراییەدا ناچار نابێت ئەو هەموو پارەیە بۆ نوێنەرایەتییە حیزبییەکانی لە وڵاتانی دەرەوە بەکار بێنێت.

لە ڕاستیدا شتێکیش بە ناوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بوونی نییە و ئەوەش کە هەیە ژمارەیەک نوێنەرایەتی پارتی و یەکێتین و هیچ بە کەڵکی هەرێم و خەڵکەکەی نەهاتوون و تەنیا بۆ کاروباری تایبەت بە کەسایەتییەکانی پارتی و یەکێتی چالاکییان کردووە.

حکومەتی عێراق پێی وایە کە لە ڕووی دەستوورەوە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی نییە خاوەنی نوێنەرایەتی سیاسی لە وڵاتانی دەرەوە بێت. ئەگەر ئەم پلانەش جێبەجێ بکرێت کە بێگومان بڕیاری دیکەی بە دواوە دەبێت، نەک تەنیا نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە، بەڵکوو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بێ کەڵک و بێ کاریگەر دەبێت و بیناکەشی دەبێت دابخرێت.