نهێنییەکان لە گۆڕ نرا

نەبوونی شەفافییەت لە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان ساڵانێکە خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە. لە هەرێمی کوردستان کەمتر کەسێک هەیە ئاگاداری وردەکاری دۆسیەی نەوت بە تایبەت گرێبەستە 50 ساڵەکەی بارزانییەکان لە گەڵ تورکیا بێت.

کەس نازانێت داهاتی نەوت چەندە و چۆن خەرج دەکرێت و لە کوێدا خەرج دەکرێت بەڵام ڕاستییەکەی کە خەڵک دەیزانێت ئەوەیە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆربەی دەچێتە گیرفانی بارزانییەکان و یەکێتی و تاڵەبانییەکانیش لەمە بێبەش نین.

کەسێک کە بە داڕێژەری سیاسەتی شکستخواردووی نەوت لە هەرێمی کوردستان دادەنرا، ئاشتی هەورامی بوو. ئەو لە کابینەی نێچیرڤان بارزانیدا وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بوو و مەسرور بارزانی وەک یاریدەدەری خۆی بۆ کاروباری وزە دەستنیشانی کرد.

لەم ساڵانەدا کە ئاشتی هەورامی لە کوردستان دوور کەوتەوە، خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد کە زانیارییەکانی کەرتی وزەی هەرێم بۆ خەڵک ئاشکرا بکات، ئەو زانیارییانەی کە مافی خەڵکە و دەبێت لێی ئاگادار بن، بەڵام وەک دەوترێت بە هۆی هەڕەشەی بارزانییەکانەوە توانای درکاندنی زانیارییەکانی نەبووە.

ئێستا بە مردنی ئاشتی هەورامی، زانیارییەکانی نەوت لە گۆڕ نرا و کەس نازانێت بارزانییەکان چییان کردووە و چی لە داهاتەکانی نەوت وەک مافی ڕەوای خەڵک دەکەن.