ناوەڕۆکی نامەیەکی ئەردۆغان بۆ مەسعود بارزانی ئاشکرا دەبێت

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان ئاشکرای کردووە کە سەرۆک کۆماری تورکیا نامەیەکی بۆ مەسعود بارزانی ناردووە کە ناوەڕۆکەکەی پەیوەندی بە داهاتووی پەکەکە و شاری کەرکوکەوە بووە.

ئەو سەرچاوە کە لە بەر هەستیاری نامەکە، بە مەرجی ئاشکرانەبوونی ناوەکەی قسەی کردووە، ڕایگەیاندووە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نامەیەکی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ناردووە و بوونی پەکەکەی لە کەرکوک بە هێڵی سوور ناو بردووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا بە بارزانیی ڕاگەیاندووە کە دەبێت پارتی بە هەر شێوازێک ڕێگری لە بوونی پەکەکە لە کەرکوک بکات.

ئەردۆغان بەڵێنی ئەوەی بە بارزانی داوە کە لە بەرامبەر شەڕی پەکەکە، هەوڵی ڕازیکردنی حکومەتی بەغدا لە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات. واتە شەڕی پەدەکە و پەکەکە بۆ بارزانی ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە حکومەتی هەرێم دیسانەوە بە ڕاستەوخۆ نەوتەکەی هەناردەی دەرەوە بکات.

هێشتا دیار نییە کە ئەردۆغان و پارتی دەیانەوێت چی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای پاریس سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن.