نان و سەموونەکەی حکومەت و دەستگیرکردنی ئیدریس مەسعود

هەولێر و دهۆک وەک دوو پارێزگای ژێر دەسەڵاتی پارتی بوونەتە سەربازگە و کەس بۆی نییە دەنگ هەڵبڕێت، بە تەنیا وشە و کۆمێنتێک ڕەخنەگرتن لە بارزانییەکان دەتخاتە کونجی زیندانەوە، ئەمە حاڵی دانیشتووانی ئەو دوو پارێزگایەی هەرێمی کوردستانە کە تامەزرۆی ئازادین.

ئیدریس مەسعود گەنجێکی شاری هەولێرە کە بە هۆی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی تایبەت بە نان و سەموون دەستگیر کرا.

ئەو گەنجە هەولێرییە تەنیا لە سەر ڕەخنەیەک کە گوزارشتی لە ڕاستییەکان دەکرد دەستگیر کرا.

ئەم هەموو کێشە و گرفتە و لە هەمان کاتدا لاوازی و کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم هەیە و کەس بۆی نییە ڕەخنە بگرێت، ئەمەیە دەسەڵاتی کوردی کە بانگەشەی ئازادبوون دەکات؟ ئایا سەردەمی بەعسیش هەر وا نەبووە؟

دەسەڵاتێک بەرگەی ڕەخنەی ڕاستی گەنجێک لە سەر دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک نەگرێت، ئاشکرایە چارەنووسی چۆن دەبێت.

خەڵکی هەولێر و دهۆک ناڕەزایەتییەکی زۆریان بەرامبەر بە دەسەڵاتی پارتی و حکومەتە پۆلیسییەکەی هەرێم هەیە بەڵام لە بەر گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتن ناوێرن دەنگ هەڵبڕن.

ئەوەیە کە دەبینین لە سنوری سلێمانی خەڵک دەڕژێنە سەر شەقامەکان و بە ئازادانە ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و داواکارییەکانی خۆیان دەخەنەڕوو بەڵام لە هەولێری سەربازگە کەس ناوێرێت لە ماڵەکەی خۆیشیدا بڵێت من ناڕەزام، هەر دەبێت بڵێن پارتی نموونەیە و دەسەڵاتەکەی بێ وێنەیە.