مەینەتی مووچەخۆرانی هەرێم

چارەنووسی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە گشتی دیار نییە. ئایا مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت؟ کەی مووچەی مانگی 9 دابەش دەکرێت؟

سەرەڕای بوونی داهاتی ناوخۆی چەند مانگێکە چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 9، 10، 11 و 12 نادیارە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ساڵ تەنیا یەک مانگی ماوە.

بەرپرسانی هەرێم دەڵێن مانگانە زیاتر لە 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە و تەنیا 120 ملیاری بۆ خەرجی وەزارەت و فەرمانگەکان بەکار دێت بەڵام بە بڕەکەی تری مووچە دابەش ناکرێت.

هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن کە داهاتی ناوخۆ زیاتر لە 345 ملیار دینارە، جگە لە داهاتی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان، بەڵام مووچە هەر دوا دەکەوێت.

هەروەها دەوترێت بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی هەرێم کە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مانگانە 345 ملیار دینارە و لە چوار مانگی ڕابردوودا تەنیا یەک 200 ملیاری لە داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاری مووچە بەکار هاتووە، واتە بە پێی داتاکانی خۆیان، تەنیا بە پارەی ناوخۆ حکومەتی هەرێم دەتوانێت مووچەی مانگێک دابەش بکات.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە بێ ئەوەی باس لە داهاتی ناوخۆی بکەن تەنیا چاویان بڕیوەتە بەغدا و داوای پارەی دیکە کە حکومەتی ناوەندی دەکەن.

بە پێی زانیارییەکان بڕیارە مووچەی مانگی 9 لە ناوەڕاستی مانگی 12 دابەش بکرێت. حکومەتە کەمتەرخەمەکە تەنیا هەوڵ دەدات پارە لە بەغداوە دابین بکات، ئەویش ئەگەر بە تەواوی دابەشی بکات و لەوەش دزی نەکرێت.