مەگەر خزعەلی بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکات

ڕۆژێک نییە هەواڵی هێرش و پەلاماری تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاو نەبێتەوە، بەڵام کاربەدەستانی هەرێم ناوێرن لە ژێر بەتانیشدا ناوی تورکیا و تاوانەکانی بێنن.

تا ئێستا تورکیا بە ئاشکرا و بۆ دەیان جاری بەردەوام سلێمانی و سنوری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کردووەتە ئامانج، بەڵام بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەت بە پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت.

باسی دهۆک و هەولێر بۆیە ناکەین کە بووەتە شوێنی هەمیشەیی بۆردومانەکانی تورکیا و بە دەیان کیلۆمەتر خاکی ئەم دوو پارێزگایەش لە لایەن هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکانی تورکیاوە داگیر کراوە.

بەم هەموو پێشێلکارییەی تورکیا و بۆردومانە بەردەوامەکانەوە بەرپرسێکی کورد نییە لە بەر مەترسی درۆنەکانی تورکیا ناوی ئەو وڵاتە و تاوانەکانی بێنێت. مەگەر قەیس خزعەلی جار و بار وەڵامی تورکەکان بداتەوە و بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکات.