مەسعود بارزانی بۆ دژایەتی کوڕانی تاڵەبانی دەکات؟

سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ئاشکرا دژایەتی کوڕانی جەلال تاڵەبانی دەکات، ئەمەش لە کاتێکدا لە پاش مردنی تاڵەبانی ڕایگەیاندبوو کە کوڕەکانی وەک برازاکانی خۆمم و ئاگاداری ئەوانم.

مەسعود بارزانی داوای کۆبوونەوەی لە گەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتکردووەتەوە و مەکتەبی سیاسی پارتیی بۆ ئەو مەبەستە ڕاسپاردووە.

بۆ بارزانی نایەوێت کوڕانی تاڵەبانی ببینێت؟

لە دوایین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتیدا مەسعود بارزانی نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە کوڕانی تاڵەبانی ڕاگەیاند و ڕەتیکردووەتەوە لە گەڵیان کۆببێتەوە.

زیاتر لە ساڵێکە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام ئاڵۆزیی پێوە بینراوە و هاوشێوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆ بووە. لەم ماوەیەدا چەند جارێک هێزیان بەرامبەر بە یەکتر جوڵاندووە و هەڕەشەی دوو ئیدارەیی و جیاکردنەوەی هەولێر و سلێمانییان لە یەکتر کردووە.

خەراپی پەیوەندییەکانیش لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە دەزگا هەواڵگرییەکانی پارتی ڕایانگەیاند گرووپێک لە ئەفسەرانی پارتی دەستیان لە تیرۆری عەقید هاوکار جافدا هەبووە.

لە پاش بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی داوای کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی ئەم حیزبە و پارتی دیمۆکراتی کوردستان کراوە بەڵام مەسعود بارزانی ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە.

لە دوایین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیمۆکراتی کوردستان تاوتوێی ئەو داوایەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی بارزانی و تاڵەبانی کرا و مەسعود بارزانی ڕەتیکردووەتەوە کە لە گەڵ کوڕانی تاڵەبانی کۆببێتەوە و لێژنەیەکی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیی بۆ ئەو مەبەستە ڕاسپاردووە.

بارزانی ڕایگەیاندووە کە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی یەکێتی لە بەغدا و هەرێم بە پێچەوانەی خواستە نیشتمانییەکان بووە. بارزانی زیاتر لەوە توڕەیە کە یەکێتی داوای پشکی جیای سلێمانیی لە یاسای بودجەی عێراق کردووە.

هەروەها دۆسیەی بەڕێوەچوون یان بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی دیکە لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتییە و نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەرکردنی ڕاسپێردراوە.