مەسرور بارزانی یەکەم دوژمنی عێراقە
لە کۆنفراسی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی چەندین جار دژی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق لێدوانیدا و ئەمەش وا دەکات کە بە یەکەم دوژمنی ئەم وڵاتە دابنرێت.
لە کاتێکدا کە سیاسەتی سەرەکی حکومەتی عێراق و لایەنە شیعە دەسەڵاتدارەکانی ئەم وڵاتە، دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە، مەسرور بارزانی بانگەشەی ئەوەیکردووە کە ئەو هێزانە لە سەر داوای حکومەتی عێراق هاتوون و هەڕەشەی تیرۆر وەک خۆی ماوەتەوە و هەر بۆیە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئاسایی دادەنرێت.
لە شەڕی غەزەدا گرووپە چەکدارەکانی عێراق پشتیوانییان لە حەماس کردووە و بە هێرشە درۆنییەکان ئیسرائیلیان ئازار داوە، ئەم گرووپانە و حکومەتی عێراق بەشێکن لە بەرەی موقاومەی ناوچەکە و ئەمەش بە ئەرکی سەر شانی خۆیان دەزانن. بەڵام مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە کە ئەم شەڕە پەیوەندی بە عێراقییەکانەوە نییە و نابێت عێراق بەشێک لەم شەڕە بێت. بە واتایەکی دیکە بارزانی داوایکردووە عێراق لە بەرەی موقاومە بێتە دەرەوە و پشت لە فەڵەستین بکات.
ئەم دوو خاڵە نیشاندەری ئەوەیە کە مەسرور بارزانی یەکەم دوژمنی سیاسەتی بنەڕەتی عێراقە و پێویستە لە لایەن پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە لێپرسینەوەی لە گەڵدا بکرێت.