مەسرور بارزانی چۆن یاری بە لویس ساکۆوە دەکات؟
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەیەمین جار پێشوازیی لە پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ کرد و بانگەشەی ئەوەیکرد کە پابەندە بە پاراستنی مافی کریستییانەکان.
ئەم پێشوازییە گەرم و گوڕەی پارتی و بارزانییەکان لە لویس ساکۆ باسی دیکەی لە پشتە. نە پاراستنی مافی کەمینەکانە و نە ڕێزگرتن لە کەسایەتییە ئائینییەکان، بەڵکوو یاریکردنە بەوانەوە لە پێناو بەدیهاتنی ئامانجە سیاسییەکان.
پاش ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی نێوان لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق و لویس ساکۆ، پەنای بردە هەولێر و لای بارزانییەکان، وەک زۆربەی ئەوانەی کە پێشتر داڵدە دراون، ئەمجارەش ساکۆ لە لایەن پارتی و بارزانییەکانەوە بەکار هێنراوە.
ئەم کارەی پارتی و بارزانییەکان دژی یەکێتی و سەرۆک کۆمارەکەیە لە بەغدا و دیسانەوە بەم هەنگاوەیان دووپاتیان لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان دوو سیاسەت و ئاراستەی جیاوازە و هیچ هێز و بەرژەوەندییەکی نیشتمانی نییە بتوانێت پارتی و یەکێتی یەکبخات.
پارتی و بارزانییەکان هەروەها دژی ریان کلدانی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیون پشتیوانی لە ساکۆ دەکەن، ئەوان نایانەوێت کورسی کۆتای کریستییانەکان لە دەست بدەن، نایانەوێت یەکێتی بە ئامانجی خۆی لە داواکردنی کورسی ئەم پێکهاتەیە بۆ سنوری دەسەڵاتی خۆی بگات.
بنەماڵەی بارزانی ئەوەیان سەلماندووە کە تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان تێدەکۆشن. ئێستاش ئەم پێشوازی و کۆبوونەوە بەردەوامە لە گەڵ لویس ساکۆ، نە خۆشویستن و ڕێزگرتنە لە ناوبراو و نە پاراستنی مافی کەمینە و پێکهاتەکانە، بەڵکوو یاریکردنە بەو کەسایەتییە و پێکهاتەکەیەوە بۆ بەدیهاتنی بەرژەوەندییەکان و لێدانی نەیارانی وەک یەکێتی و ریان کلدانی.