مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی تێکداوە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێی وایە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکانی ئەم حیزبە و پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەدات.

ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو بڕوایەدان کە لێدوانەکانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، بابەتێکی ئاسایی نەبووە و بە پلان و بەرنامە کراوە و سالار عوسمان لە لایەن باڵێکی ناو پارتییەوە ئاراستە کراوە.

لە پاش ڕووداوەکەی کۆبوونەوەی ڕۆژانی ڕابردووی هەر دوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کە بووە هۆی توڕەبوونی بافڵ تاڵەبانی و جێهێشتنی هۆڵی کۆبوونەوەکە لە لایەن ناوبراوەوە، سەرۆکی یەکێتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەم حیزبە پێیانوایە کە لێدوانەکانی سالار عوسمان بە پلان کراوە و ناوبراو لە لایەن باڵی مەسرور بارزانییەوە ئاراستە کراوە.

ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ئەوە یەکەم جار نییە هەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی دەدرێت و پێشتریش بافڵ و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیان لەو پرسە ئاگادار کردووەتەوە.