مەسرور بارزانی پاڵەوان نییە

سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە خەڵک و فەرمانبەران پاڵەوانی ڕاستەقینەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەناسن و سەرۆکی حکومەت بۆی نییە خۆی وەک پاڵەوان بە خەڵک بناسێنێت.

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە خەڵک ئەوەندە هۆشیارە کە پاڵەوانە ڕاستەقینەکانی خۆی دەناسێت و بۆ ناسینەوەیان زرمە زرمی دەهۆڵی دووری پێویست نیە.

رێواز فایەق ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاند: خەسڵەتی سەرەکی بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان ئەوەیە کە بەردەوام بیانوو بە دوژمنی وەهمی بهێننەوە و دۆخی گشتی وەک دەرئەنجامی تیۆری پیلانگێڕی پیشانی خەڵک بدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە مسۆگەربوونی مووچە بە ڕادەستکردنی ناو و زانیاریی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە قبووڵکردنی وردبینی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە، بە ڕادەستکردنی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکانی هەرێمەوە، بە جێبەجێکردنی ئاست دوای ئاستی مەرجەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، بە شکاندنی غروری ناواقعی و پێداگریی بێ کردارەوە، هەمووی بە یەک پاکێج، بەرهەمی بڕیاری ویژدانی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی و پێداگری و ئازایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو و ئەو ژن و پیاوە ژیرانەیە کە متمانەیان بە دادپەروەریی دادگا باڵاکەی عیراق کرد و سکاڵایان بردە بەردەستی.

هەر لەپۆستەکەدا ڕایگەیاندووە کە دواجار دادگاکە هەر دوو سەرۆک حکومەتی بەغدا و هەولێر، هەردوو وەزیریی دارایی و کۆی دامەزراوەکانی هەردوو حکومەتی ملکەچی دادپەروەریی کرد، لەو نێوەندەش خەڵک ئەوەندە هۆشیارە کە پاڵەوانە ڕاستەقینەکانی خۆی دەناسێت و بۆ ناسینەوەیان زرمە زرمی دەهۆڵی دووری پێویست نیە.