مەسرور بارزانی پاشای عەرشی کەلاوە

عاقیبەت ئیعلان کرا کە پارتی بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات. رەنگبێ هەندێک کەس وابیر بکەنەوە کە پارتی لەو ململانێیەدا، قسەی خۆی بردۆتەسەر، بەڵام لە راستیدا، چەند مانگێک کات، چەند هەزار دەنگدەرێک و سێ کورسیی کۆتایان مسۆگەر کرد.

کۆمیسیۆن هەمان کۆمیسیۆنە، قانونی هەڵبژاردن و بازنەکان هەمان شتە، کورسییەکان هەر سەد کورسی و 11 کۆتاکەش ئێوە خۆش!

پەنا بردنی مەسرور بارزانیش بۆ مەحکەمەی سەورەی سەردەمی بەعسیش سەربار و بنبار!

پارتی خۆی لە ئاووئاگر دا، تا کەمێک کاتی دەستبکەوێ، موچە بدات و کەمێکیش بارەگای بارزانی بکەوێتە ناو مەحفیلی سیاسی و ئیعلامییەوە کە گوایە سەرچاوەی کردنەوەی هەموو گرێکوێرەکانە!

گرێکوێرەکان لە تاران کرانەوە.

بە کورتی بارزانی هەموو ئەو بەزم و رەزمەی نایەوە تا دیزاینەکەی خۆی بۆ داهاتووی حوکمڕانیی دوای خۆی بباتەسەر و بە ناڕاستەوخۆ گوتی یان مەسرور یان نەمان!

تازە پێدەچێ ئیدی هەڵبژاردن بکرێ و بە دڵنیاییەوە پارتی حزبی یەکەم دەبێ و جارێکی دیکە مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێتەوە. لەگەڵ یەکێتی چۆن رێکدەکەون ئەوە با بۆ ئەو کات بێ، بەڵام ئایا بە راستی بوونەوە بە سەرۆکوەزیران ئەوەندەی دەهێنا؟

لە شوێنێک نووسیومە و زۆریش گوتومە کە ئەو کارەساتەی کابینەی نۆ بەسەر سەرخان و ژێرخانی کوردستانیدا هێناوە، جارێکی دیکە قابیلی گەڕانەوە بۆ دواوە و چارە کردنی نییە.

لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، هەنگاو بە هەنگاو ئەمانە کرا:

-هەناردەکردنی نەوت راگیرا، دۆسییەی نەوت کەوتە دەست بەغدا و حکومەت ناچار کرا داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بکات.

-داهاتی نانەوتی نیوەی تەسلیمی بەغدا کرا.

-بۆڕیی نەوتی کوردستان ئاوت کرا.

-حکومەت ناچار کرا لیستی ناوی پێشمەرگە و فەرمانبەران بنێرێتە بەغدا و تەنها هی هێزە ئەمنییەکان ماوە و ئەویش دەنێرن.

-پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێندرایەوە.

-کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان هەڵوەشایەوە.

-لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش کە ئیشی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بوو لەناو هەرێمدا، دەخرێتە سەر بەغدا.

– نەوتی خورمەڵەش دەبێ بدرێتەوە بە بەغدا و گازی کۆرمۆریش ئیتر کارتێکی براوە نییە لە دەست حکومەتدا.

سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بە تەعبیری گوتەبێژی حکومەت لە باشترین حاڵەتدا،(موچەوەرگر)ە و ئیشی دابەشکردنی معاش دەبێ.

لە نووسینی ڕێبوار کەریم وەلی