مەسرور بارزانی و حاشاکردن لە ڕاستییەکان
مەسرور بارزانی وتی کە هیوادارین حکومەتی عێراق کۆتایی بە فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان بێنێت.
پرسیار ئەوەیە کە کام فشار؟ ئەوە حکومەتی عێراق دەیکات فشارە یان جێبەجێکردنی یاسا؟
حکومەتی عێراق ڕێکەوتنی لە سەر بودجە لە گەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ کرد و دەسەڵاتدارانی پارتی بە دەسکەوتی مەسرور بارزاییان ناو برد. ئەو ڕێکەوتنە دەڵێت کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی ڕادەست بکات و پشکی بودجە وەربگرێت.
بەڵام وەک ساڵانی ڕابردوو، حکومەتی هەرێم پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە و بە نیوەچڵی هەندێک لە نەوتەکەی ڕادەستی سۆمۆ دەکات و ئەویتر بە شێوەی جۆربەجۆر بۆ گیرفانی بارزانییەکان ساغ دەکاتەوە.
بەغدا لە بەر ئەم هۆکارەیە کە پارەی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، تەنانەت بەرپرسانی حکومەتی عێراق هێندە لە خەمی خەڵکی کوردستاندان کە بۆ چارەسەربوونی کێشەی فەرمانبەران بە قەرز پارە بە حکومەتی هەرێم دەدەن.
مەسرور بارزانی دەبێت ئەوە بزانێت کە دۆخی هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتی زۆرینەی خەڵک لە ئەنجامی فشارەکانی بەغدا نییە. خەڵک لە زوڵم و نادادی بەرپرسانی پارتی بەم ئاستە لە ناڕەزایەتی گەیشتوون.
خەڵكێک بۆ بەرمیلە نەوتێک کە فێڵیشی تێدا دەکرێت، دەبێت 120 هەزار دینار بە حکومەت بدەن، خەڵکێک کە بە چەندین دواکەوتن و پاشەکەوت و لێبڕینەوە مووچەکانیان پێنادرێت، خەڵکێک کە بە هاوین و زستاندا کارەبای پێویستیان نییە، خەڵکێک کە ئەم هەموو جیاوازییە لە نێوان بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرپرسانی پارتی و خۆیاندا دەبینن، چۆن دەبێت ناڕەزایەتی دەرنەبڕن؟
خەڵک ئاگادار و هۆشیارن و دەزانن کە لێدوانەکانی مەسرور بارزانی و تۆمەتبارکردنی بەغدا بە فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان، تەنیا بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتییە. بەڵام خەڵک خۆیان تێدەگەن و بۆ ئەوەیە کە پێداگری لە سەر دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەکەن.