مەسرور بارزانی و بوونی هەرێمی کوردستان بە ئێریتریا

نووسەر و توێژەری ئەمریکی لە وتارێکدا باس لە شکستەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لەو نووسینەشدا مەسرور بە مافیایەکی ئەمریکی دەچوێنێت.

مایکڵ روبن ڕایگەیاندووە کە مەسروری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و شوێنگرەوەی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە هۆی خەراپی ئیدارەدان و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، سیاسەتی ئەو بۆ کڕینەوەی دۆست پاش نەمانی پارە شکست دێنێت.

ئەو باس لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەکەی مەسرور دەکات و ڕایگەیاندووە کە لە هاوشێوەی سەدام حسێن و عیدی ئەمینی ئۆگەندا دوور لە ڕاستی، بانگەشەی ناڕاست بۆ کارەکانی کابینەکەی دەکات، لە کاتێکدا کە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەپرسن ئایا بە ڕاستی چی کردووە؟

روبن ڕایگەیاندووە کە پرسیاری لە زۆر کەس کردووە، تەنانەت لە کادیرەکانی حیزبەکەی مەسروریشدا، بەڵام وەڵامەکان بەو شێوەیە نەبوو.

لەو نووسینەدا مایکڵ روبن، مەسرور بارزانیی بە فرانک کوستیلۆی مافیای ئەمریکی دەچوێنێت و ڕایگەیاندووە کە مامەڵەکردن لە گەڵ مەسرور هاوشێوەی مامەڵەکردنە لە گەڵ فرانک. کۆستیلۆ مافیایەکی سەدەی ڕابردووی نیۆیۆرکی ئەمریکا بوو کە بە بێ ئەوەی بۆ جارێکیش چەک هەڵبگرێت هەموو شتێکی بە دەست هێنا، هەتا چیرۆکی زنجیرە فیلمی باوکی رۆحی لەو وەرگیراوە، هەرچەندە دادگاییکرا بەڵام هیچی بە سەردا ساغ نەکرایەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا روبن ڕایگەیاندووە کە خەراپی ئیدارەدان و چاوچنۆکی مەسرور بووە هۆی ئەوەی بە تەواوی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت، هەر بە هۆی مەسروریشەوە لەو کاتەوەی مەسعودی باوکی لە گەڵ سەدام حسێنی دیکتاتۆر ڕێکەوت، پارتی بە لاوازترین پێگەی خۆی لە بەغدا تێپەڕ دەبێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی پارتیش روبن ڕایگەیاندووە کە ئامۆزا بە سەر ئامۆزادا هەڵدەگەڕێتەوە، ئەوەش لە سایەی سیاسەتی مەسرور و وەیسی برایە کە پێکەوە پارتییان گەڕاندووەتەوە بۆ خەراپترین ئاستی تەبایی ناوخۆیی. لە بری درووستکردنی دۆبەی نوێ، مەسرور ئێریتریای نوێی ئەفریقا درووست دەکات، خۆ ئەگەر ئەو خودی خۆی باوەڕی بە پڕوپاگەندەکانی هەبووایە، ئەوا لە ڕۆژنامەنووسان نەدەترسا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوان دەخاتە کونجی زیندانەوە.

ئەو نووسەرە باس لە پێشمەرگە دەکات و ڕایگەیاندووە کە بە هۆی ئەوەوە پێشمەرگە لە لاوازترین دۆخدایە، لە سەردەمی داعشدا کەلوپەلە سەربازییەکانی هاوپەیمانانی تاڵان کرد و کاتێکیش داعش لە هەولێر نزیک بووە خۆیان هەڵهاتن، تا ئێستاش تۆماری فڕۆکەخانەکانی بۆ ئەو شەوە بە نهێنی هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی کە ئاشکرا نەبێت لە کاتی تەنگانەدا کێ شارەکەی بە جێهێشتووە.

روبن سەبارەت بە تورکیا و پارتی وەک دوو هاوەڵی دێرزەمان ڕایگەیاندووە کە مەسرور دەچێتە ئەنکەرە و وەک خزمەتکار هەڵسووکەوت دەکات، لە ناوخۆی هەرێمیش بێدەنگە لە ئاست کوشتنی هاووڵاتییەکانی لە لایەن تورکیاوە.

لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە کە بە هۆی مامەڵەکردن لە گەڵ ئێران و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆ کە لە سەری کەڵەکە بووە، زەحمەتە مەسرور تا دوو ساڵی داهاتوو لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.