مەسرور بارزانی هەڵهاتنی هێزەکانی پارتیی لە شەنگال لەبیر نەماوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی کە تەنیا هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانن کە ئەم هەرێمەیان پاراستووە.

مەسرور بارزانی لە میانەی سەردانێکی بۆ میحوەری پردێ و چاوپێکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە وتی کە لە پاش ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017، میحوەری پردێ ڕێگریی لە تێکدانی قەوارەی هەرێم کرد.

ناوبراو وتی کە تەنیا پارتی دیمۆکراتی کوردستانە کە ئەم هەرێمەی پاراستووە.

پاش ئەوەی کە کەمال ناکەرکوکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک – گەرمیان ی پارتی ڕایگەیاند حیزبەکەی تەنیا لە گەڵ یەکێتی هاوپەیمانی لە کەرکوکدا ناکات، ئەم لێدوانەی مەسرور بارزانیش دووبارە تۆمەتبارکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بە خیانەت و ئەوەی کە بە هۆی ڕیفراندۆمەکەی مەسعود بارزانییەوە لە کەرکوک ڕوویدا.

بانگەشەکەی مەسرور بارزانی بۆ پاراستنی هەرێم لە لایەن پارتییەوە لە کاتێکدایە کە هەمووان دەزانن هێزەکانی ئەو حیزبە بە فەرماندەیی سیروان بارزانی چۆن لە کاتی هاتنی داعش لە شەنگال هەڵهاتن و ئەو کۆمەڵکوژییەی ئێزدییەکان لە سەر دەستی ئەو حیزبە ڕوویدا. هەر لە کاتی ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری کەرکوکیش هێزەکانی پارتی بە بێ تەقاندنی فیشەکێک لە شارەکە هەڵهاتن.