مەسرور بارزانی هۆکاری قوڕبەسەریی مووچەخۆرانی کوردستان

سەرەڕای ئەو هەموو دەرفەت و ئاسانکارییەی بەغدا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵڕەقی و بەرژەوەندیخوازی سەرۆکی حکومەت بوونە هۆکاری لەدەستچوونی دەرفەت و دەسکەوتەکان، بەڵام بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و پاش هەوڵێکی بێوچانی چەند پەرلەمانتارێکی کورد و پەیوەندی شەخسی لە نێوان کەسایەتییەکانی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق، تا ڕادەیەک کێشەی مووچە چارەسەر بووە، بە مەرجێک ئەگەر دیسانەوە مەسرور بارزانی تێکی نەداتەوە.

مەسرور بارزانی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکومەت لە سەر هێڵی دوژمنایەتی بەغدا و دژایەتی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان بە تایبەت فەرمانبەران و مووچەخۆران بە گشتی هەنگاوی ناوە. ئەو بەڵێنانەی کە بارزانی وەک سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دابووی بە تەواوی شکستیان هێنا و دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بووە ئامرازی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، ئەگەرچی هێشتا مەسرور بارزانی بە پرۆژەی هەژماری من هەڕەشە لە چارەنووسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەوەی گرنگ بوو و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێیان دەکرد لە بەغداوە کرا نەک لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە کە حکومەتە خۆماڵییەکە نەک تەنیا کێشە و قەیرانەکانی چارەسەر نەکردووە بەڵکوو هۆکاری درێژەپێدان و قووڵبوونەوەی قەیرانەکان بووە.

لە ئێستادا کە بەغدا و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بوونەتە هۆکاری چارەسەربوونی کێشەی مووچە، ستافی سەرۆکی حکومەت بە خۆیان و میدیا تاڵانچییەکانیانەوە قسە و موزایدە دەکەن و دەیانەوێت مەسرور بارزانی وەک پاڵەوانی چارەسەرکردنی قەیرانەکان بناسێنن بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێناوە و خەڵک دەزانن ڕاستییەکان چییە.

ئەوەی ڕاستییە، هەرێمی کوردستان بە سیاسەتی نەزان و لاوازی سەرۆکی حکومەت گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار و تەنانەت لە هەندێک کاتدا بە هۆی تەشەنەسەندنی ناکۆکییەکان لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەترسی لێکترازانی یەکجاری و گەڕانەوە بۆ دۆخی دوو ئیدارەیی هاتە ئاراوە. ئەم مەترسییانە بەردەوام دەبن ئەگەر پارتی و ماڵباتی مەسعود بارزانی بیانەوێت جارێکی دیکە و لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی کابینەی دەیەم بکات.