مەسرور بارزانی لە ئیماراتیش دژایەتی ئامۆزاکەی دەکرد

لە کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوای دوبەی هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو شاندی جیا و تەنانەت بە دوو دەرکەوتنی جیاوە بەشدارییان کرد.

ئەوەی دیمەنی خۆدەرخستنەکانی مەسرور بارزانی لە دوبەی بینیبێت، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە ململانێکانی جووت ئامۆزا و دەبڵ جێگرەکانی سەرۆکی پارتی تەنانەت لە ئیماراتیش بەردەوام بووە و لەوێش مەسرور بارزانی بە هەموو شێوازێک دژایەتی نێچیرڤان بارزانیی کردووە.

مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس یان تویتەری پێشوو دەیان ڤیدیۆی لە هۆڵ و پەراوێزی کۆنفرانسەکەی دوبەی بڵاو کردەوە. ئەو دەرکەوتنەش نە کۆبوونەوە و نە پێشکەشکردنی پرۆژە و پێشنیار بووە، بەڵکوو تەنیا گرتنی وێنە و یەک ئامانجی لە پشتەوە بووە کە زیاتر لە نێچیرڤان بارزانی لە گەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان خۆی دەربخات.

ئەوەی مەسرور بارزانی کردوویەتی، لە کۆڕ و کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی نەدەچوو، بەڵکوو زیاتر لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری دەچوو کە تێیدا هەوڵی وێنەگرتنی لە گەڵ ئەو کەسانە دەدا بەشدارییان کردووە. سەرۆکی حکومەتە کەمتەرخەمەکەی هەرێمی کوردستان کە خەڵکەکەی نە مووچەیان هەیە، نە کارەبا و نە سووتەمەنی، سەردانی ئیماراتی کرد و بە کامێرامەنێکەوە تەنیا هەوڵی دەدا خۆی زیاتر دەربخات و ئەوەش وەک دەسکەوت و چالاکی بە خەڵک و ڕکابەرەکانی لە ناو پارتی و حیزبەکانی دیکە بفرۆشێتەوە.

دەتوانین بڵێین کە ئەوانەی مەسرور بارزانی تەوقەیان لە گەڵ کردووە، نە ئەو دەناسن و تەنانەت ڕەنگە کوردستانیش نەناسن.

ئەوانەی لە کۆنفرانسەکەدا بوون سەریان لێشێوابوو، هەر یەک لە نێچیرڤان و مەسرور خۆیان بە ناوی بارزانی و بە ناوی سەرکردەی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دەناساند، ئەو داماوانەش لێیان تێکدەچوو کە ئەرێ هەرێمی کوردستان کوێیە کە دوو سەرۆک و دوو بارزانی بە جیا مامەڵە لە گەڵیاندا دەکەن.

لەمەش سەیرتر، شەڕەکەی کەناڵەکانی ڕووداو و کوردستان 24 بوو کە ڕووداو یەکسەر بانگەشەی بۆ سەرۆکی هەرێم لە دوبەی دەکرد و کوردستان 24 یش بانگەشەی بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکرد. ئەم شکست و داماوییە چۆن پاساوی بۆ دەهێندرێتەوە؟