مەسرور بارزانی سەردانی ئیسرائیلی کردووە، شێعەکان داوای لێکۆڵینەوە دەکەن

هاوپەیمانی فەتح داوای لە دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی عێراق کردووە کە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەردانیکردنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل و کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتەکەی نتانیاهۆ لێکۆڵینەوەی ورد بکەن.

حەمید موسەوی لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی فەتح داوایکردووە کە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق ڕاستی و درووستی هەواڵی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئیسرائیل یەکلایی بکەنەوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەرکی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق ئەوەیە کە بە بێ گرنگیدان بە پلە و پۆستی هەر کەسێک سەبارەت بە بوونی پەیوەندییان لە گەڵ ئیسرائیل کاردانەوەیان هەبێت.

ئاژانسی المعلومە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو، ڕایگەیاندووە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ دووەم جار لەمساڵ سەردانی ئیسرائیلی کردووە.

لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیارییانە، پێدەچێت لایەنە سیاسییەکانی شێعە بە پێی یاسای پەسەندکراوی قەدەغەبوونی هەر پەیوەندییەک لە گەڵ ئیسرائیل، سکاڵا لە دژی مەسرور بارزانی تۆمار بکەن.