مەسرور بارزانی: سازشی زۆرمان کردووە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی کە خەریکە عێراق بەرەو ئاراستەی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو دەبرێت و دەبێت دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕێز لە دەستوور بگرن.

مەسرور بارزانی لە میانەی وتارێکی لە کۆنفرانسی کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە وتی کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و تا بە ئەمڕۆش وتار و درووشمی دوژمنکارانە و هاندانی توندووتیژی کارەساتی گەورەی لێکەوتووەتەوە، لەم سەردەمەشدا کە سەردەمی پێشکەوتن و تەکنۆلۆژیایە، هێشتا ئەو جۆرە وتارانە مایەی نیگەرانین و لێکەوتەکانیشی زۆر بەرچاون و دەبینین کە لە زۆر وڵات و ناوچەی جیهان شەڕ و خوێنڕشتن بەردەوامە.

ناوبراو وتی کە کوردستان هەمیشە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە و چەندین هەزار ساڵە کە ئەم دەڤەرەی ئێمە نەتەوە و ئائین و باوەڕی جیاجیای لە خۆ گرتووە و پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن بووەتە بەشێک لە کەلتور و ڕێچکەی ژیانی ئێمە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی کە بۆ دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵی و دیمۆکرات زۆر سازشمان کرد، ئێمە بە هەموو توانایەکەوە هەوڵماندا عێراقێکی نوێ ئاوا بکرێت کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان هەست بە بوونی خۆیان و پاراستنی ماف و تایبەتمەندییەکانیان بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا دەبینین کە هێدی هێدی ئەو پرۆسەیە خۆی لادەدات و خەریکە عێراق بە ئاراستەیەک دەبرێت کە تووشی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو دەبێتەوە.

مەسرور بارزانی داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراقی کرد کە پابەندی دەستوور بن کە پارێزەری سەقامگیری ئەم وڵاتە و مافی هەموو پێکهاتەکانە.