مەسرور بارزانی: داهاتووی کوردستان گەشە!!!

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و سوپاسی خەڵکی کرد و ڕایگەیاند کە داهاتوو گەشە و کاروانی چاکسازی و ئاوەدانی ناوەستێت.

مەسرور بارزانی بە بۆنەی تێپەڕبوونی چوار ساڵی تەمەنی کابینەکەی لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لەم چوار ساڵەی ڕابردوودا لە پێناو کوردستانێکی بەهێزتر و ئاوەدانتر پاڵپشتمان بوون.

لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە کە سوپاسی تایبەتیشم بۆ خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، داهاتوو گەشە و کاروانی چاکسازی و ئاوەدانی ناوەستێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا باسی سەرکەوتنەکانی خۆی و داهاتوویەکی گەشی بۆ هەرێم کردووە کە لەم چوار ساڵەی ڕابردوودا کەلێن و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بووە، مووچە و بودجەی کوردستان لەوپەڕی خەراپیدا بووە، خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و سووتەمەنیش لەوپەڕی کەمیدا بووە، دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کوشتن ڕووی لە زیادبوون کردووە، ڕێژەی متمانەی خەڵک بە حکومەتی هەرێم دابەزیوە. ئەگەر کوردستان بەم حاڵەوە بەرەو داهاتوویەکی گەش دەڕوات با خەڵک بڵێن نەک ئەوەی سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی بانگەشەی بۆ بکەن.