مەسرور بارزانی دادگایی دەکرێت

ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەلی حەمەساڵح لە سەر قەیرانی موچە، سکاڵای لە سەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمار کرد.

قەیرانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو زیاترین ناڕەزایەتی لە دژی حکومەتی هەرێم بە دواوە بووە و زۆربەی چالاکی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پەیوەست بەم قەیرانەوە بووە.

سکاڵاکەی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە دژی مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی لە دادگای فیدراڵیی عێراق تۆمار کراوە.

ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاندووە کە هەموو هەوڵێک لە بواری یاساییدا بەکار دەهێندرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگای دادگای فیدراڵییەوە بڕیارێک لە بەرژەوەندی موچەخۆران دەربکرێت.

ئامانجی سکاڵاکە ئەوەیە کە هەر دوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم پابەند بکرێن بەوەی موچەخۆران نەکرێنە قوربانیی کێشە سیاسییەکانی نێوانیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دادگای فیدراڵیی عێراق پێشتر هەر دوو حکومەتی هەرێم و ناوەندی پابەند کردووە بەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە بدرێت و نابێت تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت و هەروەها نابێت ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا کێشە بۆ دابەشکردنی موچە درووست بکات بەڵام نە هەولێر و نە بەغدا پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون. لە ڕاستیدا حکومەتەکەی مەسرور بارزانی کێشەکەی درووست کردووە و هاوکاری وەزارەتی دارایی عێراق ناکات و زانیاری ناڕاست و هەڵەی ڕادەستی بەغدا دەکات.