مەسرور بارزانی بە کام سیاسەت و پڕۆژەوە باس لە ڕکابەریی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەکات؟

سەرۆکی کابینەی نۆیەم کە بۆتە مۆتەکەیێک بۆ سەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت لەگەڵ عێراق ڕکابەریی وڵاتانی کەنداو بکات.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە سیاسەتەکانی بۆتە هۆی قەرزی ٣٠ ملیار دۆلاریی بۆ سەر هەرێم و گۆڕینی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە قەیران و پێدانی مووچە لە حکومەتەکەیدا بۆتە هەواڵی بەپەلە و سەرەکی میدیاکان و هاوکات؛ گەندەڵی ئابوری بۆتە شێرپەنجەیێک کە بە کەس چارەسەر ناکرێت، لە لێدوانێکی سەیر و سەمەرەدا دەڵێت “دەبوو ئێمە بەرنامە بۆ چۆنییەتی پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان و رکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و جیهان دابنێین.”

کەس نییە لەم سەرۆکی حکومەتە بپرسێت بە کامە پلان و پڕۆژە و شەفافیەتەوە دەتەوێت بگەیت بەو خوشگوزەرانیە بۆ هاوڵاتیان؟ بەو هەڵاواردنە کە لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم دەیکەیت، یان بە دروست کردنی هەر ڕۆژە و قەیرانێک لە پێوەندییەکان لەگەڵ بەغدا.

سەیر لەوەدایە کەسێک باس کە هەوڵدان بۆ ڕکابەریی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و جیهان دەکات کە کەمترین هاوکاریی لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەریی کێشەکان بووە و تەنانەت کێشە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێتەوە.