مەسرور بارزانی بە دەستی بەتاڵ لە تورکیا گەڕایەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێ شەممە 20 ی حوزەیرانی 2023 بە سەردانێک گەیشتە ئەنکەرە و لە گەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووە. سەردانەکەش بەدەر لە دۆسیە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی نێوان پارتی دیمۆکراتی کوردستان و حکومەتی ئەنکەرە، پەیوەندی بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە هەبووە کە ئەوە بۆ مەسرور بارزانی بەدینەهات.

سەردانەکەی مسرور بارزانی پاش ئەوە بووە کە ڕۆژی دووشەممە بەرپرسانی پەیوەندیداری عێراق و تورکیا لە شاری بەغدا سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم کۆبوونەوە و دانوستانەکانی نێوانیان هیچ ئەنجامێکی نەبوو. دەتوانین بڵێین کە دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە بابەتێکی سیاسییە نەک تەکنیکی.

لە 25 ی ئازاری ئەمساڵەوە تا ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە، ئێستا باس لەوە دەکرێت کە ماوەیەکی زۆری دەوێت تا نەوتی هەرێم دیسانەوە لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێتەوە، تورکیا دەیەوێت ئەم دۆخە وەک کارتێکی فشار لە دژی بەغدا بەکار بێنێت و بە ئامانجە دیاریکراوەکانی بگات.

بەرپرسێکی نزیک لە دانوستانەکان کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکانی بەغدا و ئەنکەرە تاوتوێی سەرجەم لایەنە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کراوە و بەردەوامیش دەبێت بەڵام دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەم زووانە ڕوو نادات و پێویستی بە کۆبوونەوە و دانوستانی زیاتر دەبێت.

تورکیا دوو ئامانجی لەم دۆسیەیەدا هەیە کە دەیەوێت بڕە قەرەبووە دیاریکراوەکەی دادگای پاریس کە دەوترێت زیاتر لە یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە بە بەغدا نەدات یان حکومەتی هەرێم لە ئەستۆی بگرێت، هەروەها دەیەوێت نەوتی هەرزانی هەرێم بە شێوەی پێش بڕیارەکەی دادگای پاریسی دەستکەوێت و ئەستەمە بەغدا بەمە ڕازی بێت لە بەر ئەوەی کە هەرێم کۆنتڕۆڵی دۆسیەی نەوتی لە دەست داوە و بڕیارەکان لای حکومەتی ناوەندییە و لە بەغداوە دەردەچێت.

دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە پێویستی بە دانوستانی ئاستە باڵاکان هەیە و مەسرور بارزانی لە سەردانەکەی بۆ ئەنکەرە لە سەر ئەو دۆسیەیە دانوستانی کردووە بەڵام بە پێی ئەوەی کە تورکیا پابەندی بڕیارەکەی دادگای پاریس و هاوئاهەنگییە لە گەڵ حکومەتی عێراق، بە بێ هیچ ئەنجامێک گەڕایەوە هەولێر.

تورکیا دەیەوێت ئەوەی لە ڕێکەوتنی 50 ساڵەی هەولێر – ئەنکەرە دەستیکەوتووە، لە ڕێگەی بەغداوە دیسانەوە بۆی مسۆگەر ببێتەوە کە ئێستا کۆنتڕۆڵی نەوتی هەرێمی کردووە.