مەسرور بارزانی بۆ شەڕی مووچە دەکات؟

فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو لە پەرلەمانی بەغدا و مووچەخۆران بە گشتی لە هەرێمی کوردستان داوا دەکەن بەغدا ڕاستەوخۆ وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات بەڵام پارتی و بە تایبەت مەسرور بارزانی هەوڵەکانیان لە دژی ئەمە چڕ کردووەتەوە و بە هەر شێوەیەک ڕێگریی لێدەکەن.

بە پێی زانیارییەکان، ئاشکرا بووە کە سەرۆک وەزیرانە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستان دەیەوێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بباتە بانکەکەی خۆی. ئەمەش چەندین مەترسیی بۆ سەر مووچەی مووچەخۆران بە دواوە دەبێت.

بە هۆی خەراپی حکومڕانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە، مووچەخۆران زیاتر لە 10 ساڵە بە دەست نەبوون و دواکەوتن و لێبڕینی مووچەوە دەناڵێنن. ئەگەرچی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە نییە بەڵام حکومەت بانگەشەی دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە دەکات. سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی کردنەوەی هەژماری بانکی لەو بانکەی کە خۆی خاوەنداریەتی دەکات مووچە وەک چەکی دەستی لە دژی مووچەخۆران بەکار بێنێت.

بانکەکەی مەسرور بارزانی ناوی ئارتی بانکە و لە گەڵ سێ بانکی دیکە خاوەنداریەتی پرۆژەی هەژماری بانکی دەکەن کە فەرمانبەران ناچار کراون هەژماری بانکییان تێدا بکەنەوە. قازانجی بانکەکەی مەسرور بارزانی لە پرۆژەکەدا بە ملیۆنان دۆلاری مانگانە مەزندە دەکرێت، چونکە بە ناوی خزمەتگوزارییەوە پارە لە فەرمانبەران دەکێشنەوە.

کاری بانکەکە هەر هێندەش نییە، بەڵکوو مووچەی فەرمانبەران وەک بارمتە دەگیرێت کە هەر کات دژی خواستەکانی سەرۆکی حکومەت وەستانەوە، سزا بدرێن و دەست بە سەر مووچەکانیاندا بگیرێت.

شکستی پرۆژەکەش لەوەدایە کە هیچ بانکێک ناتوانێت لە مانگێکدا مووچەی ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆر دابەش بکات. ئەم پرۆژەیەش دژی بەرژەوەندی مووچەخۆران و تەنیا لە قازانجی بانکەکەی مەسرور بارزانییە.